سەلیم جبووری: بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارانی کورد سزادانی بەکۆمەڵ نییە

03-10-2017
ئاکام فەهمی
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن سەلیم جبووری
A+ A-

رووداو - بەغدا

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی رێگریکردن لە پەرلەمانتارانی کورد لەوەی بچنە نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارانی کورد، سزادانی بەکۆمەڵ نییە.

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، کە رێگە نەدرا ئەندامانی کورد، بەشداری دانیشتنەکە بکەن، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "پەرلەمانی عێراق سوورە لەسەر یەکهەڵوێستی و رێزگرتن لە دەستوور و پابەندبوون بەو بڕیارانەی دەریکردوون، لەگەڵ چاودێری جێبەجێکردنیان. پەرلەمان سوورە لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەت لە هەموو کارەکانی، کە لە رێگەیەوە یەکپارچەیی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری لێ بەدەستدێت".

سەلیم جبووری، دەڵێت "لە کاتێکدا لە هەوڵی کۆتاییهێنانین بەو پەتایەی تیرۆر کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە تووشی عێراقییەکان بووە، بەرەو قۆناخی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەقامگیری دەچین، دەچینە نێو کێشەیەکی نوێوە، کە پەیوەستە بە یەکهەڵوێستیمان و یەکپارچەیی خاک و گەلەکەمان، لەسەر ئەوەش ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق دەریکردوون، لە سۆنگەی باوەڕبوون و پشتبەستنن بە دەستوور و بنەما جێگیرەکان بووە".

سەلیم جبووری روونیشی دەکاتەوە "پێویستە هەموو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە کوردیشەوە پابەند بەو بڕیارانە بن، کە لە پەرلەمانی عێراق دەردەچن، هەریەکێک لەوان بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردبێت، بڕوای بە پەرلەمانی عێراق و بڕیارەکانی بێت، دەبێت دابەشبوون رەتبکاتەوە".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەروەها دەڵێ "ئێمە پێشوازی لە برا کوردەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن، بەڵام سەبارەت بەوانەی رۆڵیان لە پرۆسەی گشتپرسیدا هەبووە و بەشداربوون، رێکاریان لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

لەبارە رێکارەکانیشەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەڕاشکاوی دەیڵێم، ئێمە ئەمڕۆ لەوبارەیەوە لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی قسەمان کردووە، کە چۆن سەیری ئەو بابەتانە بکات... ئێمە پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبین لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە گشتپرسی دەنگیان داوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە لیژنەی کاروباری یاسیی پەرلەمان کراوە ناوی ئەو کەسانەیان پێدات کە بەشداربوون و رۆڵیان لەو گشتپرسییەدا هەبووە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە