هەڵبژاردن بە ژمارە: 36 رۆژ بانگەشە، 21 ملیۆن دەنگدەر بۆ 329 کورسی


رووداو دیجیتاڵ 

بانگەشەی زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر بۆ 36 رۆژ بەردەوام دەبێت بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس دەتوانن دەنگ بدەن کە 14.3%یان لە هەرێمی کوردستانن.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 3ی تشرینی یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی 2025 بەردەوام دەبێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی گوت: "بانگەشە کاژێر حەوتی بەیانیی رۆژی 8ی تشرینی دووەم کۆتایی دێت کە بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان دەبێت 24 کاژێر بەر لە دەنگدانی تایبەت بانگەشە رابگیرێت."
 
دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 9ی تشرینی دووەم دەکرێت، دوو رۆژ دواتریش دەنگدانی گشتی دەکرێت.
 
7768 بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسی دەکەن
 
31 هاوپەیمانی، 38 پارت، 23 بەربژێری سەربەخۆ، 56 بەربژێری کورسیی کۆتاکان رکابەری دەکەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
ژمارەی ئەو بەربژێرانەی کە رکابەری دەکەن 7768 بەربژێرن، 5520 یان پیاو و 2248یان ژنن.
 
لە پارێزگای هەولێر 108 بەربژێر رکابەری دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی 16 کورسی پەرلەمان، چواریان کۆتاى ژن و یەک کورسیش بۆ کۆتایی کریستیانەکانە.
 
لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پێکەوە، 136 بەربژێر هەن، رکابەری بۆ بەدەستهێنانی 18 کورسی دەکەن، کە پێنجیان کۆتای ژنن.
 
لە دهۆکیش 79 بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 12 کورسی پشکی پارێزگاکە کە سیانیان کۆتایی ژن و یەکێکیان کۆتای کریستیانە.
 
٪14.3ی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستانن
 
بەگوێرەی ئامارێک کە تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەرن.
 
زۆرترین دەنگدەر لەسەر ئاستی عێراق لە بەغدایە، کە چوار ملیۆن و 314 هەزار و 866 دەنگدەرە و 20%ى تێکراى دەنگدەرانە لەو شارەن، کەمترین دەنگدەر لە پارێزگای موسەننایە کە 510 هەزار و 867 دەنگدەرن.
 
دەنگدەرانی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و هەڵەبجە سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 دەنگدەرن، کە 14.3%ی دەنگدەرانی عێراق دەکەن.
 
دەنگدەرانی پارێزگاکانی دیکە:
 
دهۆک: 778,846
هەولێر: 1,087,880
سلێمانی: 1,201,658
نەینەوا: 2,102,429
کەرکووک: 958,141
دیالە: 1,051,143
ئەنبار: 980,471
بابل: 1,145,458
کەربەلا: 679,556
واسیت: 787,784
سەڵاحەدین: 838,270
نەجەف: 729,070
دیوانیە: 510,867
موسەننا: 1,138,694
زیقار: 615,147
مەیسان: 1,622,855
بەسرە: 1,622,855
 
1.3 ملیۆن دەنگدەرى تایبەت 
 
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت کە هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەرن، کە 6%ى تێکڕاى ئەو  کەسانەن کە دەتوانن دەنگ بدەن.  
 
زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە بەغدایە کە 356 هەزار و 641 دەنگدەرن، پارێزگای مەیسان کەمترین دەنگدەری تایبەتی هەیە کە 42 هەزار و 369 دەنگدەرن.
 
دەنگدەرانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 224 هەزار و 333 کەسن، زۆرینەیان لە هەولێرن کە 85 هەزار و 793 دەنگدەرن. تێکڕای ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەکاتە 17%ی تێکڕای دەنگدەرانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
26 هەزار ئاوارەى دەنگدەر 
 
بەگوێرەی ئامارەکەی کۆمسیۆن، 26 هەزار و 538 ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای نەینەوان، کە 26 هەزار و 447 دەنگدەرن، و ئەوانی دیکە خەڵکی کەرکووک و سەلاحەددین و ئەنبارن.
 
ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن 25 هەزار و 986 یان لە دهۆک، 547 یان لە هەولێر و پێنج دەنگدەریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەنگ دەدەن.
 
39 هەزار وێستگە بۆ دەنگدان
 
بۆ دەنگدانی گشتی 39 هەزار و 285 وێستگە دیاریکراون، کە لە هەشت هەزار و 703 بنکەی دەنگدان.
 
بۆ دەنگدانی تایبەتیش چوار هەزار و 501 وێستگەن لە 809 ناوەندی دەنگداندا.
 
دەنگدانی ئاوارەکان لە 97 وێستگە دەکرێت کە لە 27 ناوەندی دەنگدانی ناوەوە و دەوروبەری کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دانراون.