رووداو - سلێمانی
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوون بۆ نزیكەی 10 گرێبەستی كڕینی چەك و تەقەمەنی دەكات كە پێشتر بە بڕی ملیارەها دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق كڕدراون و گومانی گەندەڵییان تێدا دەكرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە (رووداو)ی راگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ نزیكەی 10 گرێبەستی وەزارەتی بەرگری كردووە كە لە 10 ساڵی رابردوودا كراون. لەوانەش گرێبەستی كڕینی چەك كە گومان دەكرێت بە ملیۆنان دۆلار گەندەڵییان تێدا كرابێت.
شاخەوان گوتی "هەندێك لەو گرێبەستانە كڕینی چەكی رووسی و چیكین، چەكەكانیش جۆراوجۆرن لە بچووك و مامناوەند. بە نرخی گرانتر كڕدراون و جۆرەكەشیان خراپە، هەروەها فڕۆكە و هێلیكۆپتەریش".
شاخەوان گوتیشی "ئەو چەكانە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە كڕدراون و نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو نووری مالیكی لە گرێبەستەكان ئاگادار بووە، لە سەرەتای وەرزی نوێی یاساداناندا ئەو گرێبەستانە رادەگەیەنین كە گەندەڵییان تێدا كراوە".
شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی ئەو گرێبەستانەوە گوتی "هەندێك لەو گرێبەستانە بۆ ماوەی ساڵێَك كراون، بۆ نموونە عێراق گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی كردووە بۆ دابینكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ، هەندێجار وەزارەتی بەرگری پێویستی بە چەك نەبووە، بەڵام ئەو بەرپرسانە چەكەكانیان بەنێوی وەزارەتەوە هێناوە و لە بازاڕی رەش بە نرخێكی گرانتر فرۆشراون".
ئەو پەرلەمانتارە نموونەیەكی لەگەندەڵی ئەو گرێبەستە هێنایەوە و گوتی "بۆ نموونە لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەدا دەمانچەیان بە 300 دۆلار كڕیوە، بەڵام لە بازاڕی رەش بە 2000 دۆلار فرۆشتوویانەوە، ئەو جۆرە گرێبەستە تا شەڕی داعشیش هەبوون، بەڵام لەبەرئەوەی گەندەڵی زۆریان تێدا هەبوو، لەگەڵ دەستبەكاربوونی حەیدەر عەبادی، رایگرتن".
بنكەی ئاسمانی سوەیرە لە شاری بەغدا بە گەورەترین بنكەی ئاسمانی دادەنرێت كە تێیدا راهێنان بە كادیرانی هێزە ئاسمانییەكان دەكرێت و هەموو جۆرە چەك و پێداویستییەكی سەربازیشی تێدایە، ئەو بنكەیەش لە چوارچێوەی بەدواداچوونەكانی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی "نزیكەی پێنج ساڵە پارە بۆ بووژانەوەی پێداویستییەكانی ئەو بنكەیە تەرخانكراوە، بەڵام هێشتا كارەكانی تەواو نەبوون، لە كاتێكدا بە تەواوبوونی بنكەكە، تەواوی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق بە فڕۆكە و كارە كارگێڕییەكان و كۆلێژی هێزە ئاسمانییەكان بۆ ئەو شوێنە دەگوازرانەوە، بەڵام ئێستا هەر بەشەیان لە شوێنێكن".
وەكو شاخەوان ئاماژەی بۆ كرد، بۆ تەواو نەبوونی كارەكانی ئەو بنكەیە لەگەڵ هێزی ئاسمانی لە وەزارەتی بەرگری قسەیان كردووە و ئەوانیش بە بەڵگەوە گوتوویانە بووژانەوەی بنكەكە لەلایەن بەشی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی وەزارەت كراوە و ئەوان بەرپرس نین، بۆ بەدواداچوونی زیاتر قسە لەگەڵ ئەو بەشە دەكەن.
هەرچەندە هێشتا كار بە یاسای بودجەی ئەمساڵ نەكراوە، بەڵام هەر لە ئێستاوە باس لە چەندین گرێبەستی كڕینی چەك دەكرێ. بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت "لە بودجەی ئەمساڵیشدا بایی ملیۆنان دۆلار گرێبەست بۆ پڕ چەككردنی وەزارەتی بەرگری بۆ سێ تا پێنج ساڵ بە كۆمپانیایەكی چینی دراوە، بەڵام دوای بەدواداچوونمان دەركەوت كۆمپانیا هەبووە بە نرخێكی كەمتریش بیكات، بەڵام پێیان نەداوە".
ناوبراو گوتیشی "هەرچەندە دەبێت ئەو گرێبەستە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بكرێت، بەڵام دوای بەدواداچوونمان دەركەوتووە وەزارەت نەیكردووە و گومان دەكرێت لەلایەن نووسینگەی حەیدەر عەبادییەوە كرابێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ