رووداو-هەولێر
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكانی گەڕان و پشكنین دژی چەكدارانی داعش لە ناوچە بیابانیەكانی پارێزگای ئەنبار بەردەوامن و رەتیشیكردەوە بیابانی پارێزگاكە بە ناوچەیەكی سەربازی راگەیێندرابێت.
لیوا تەحسین ئیبراهیم، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو بەڵگەنامەیەی لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە راگەیاندنی بیابانی ئەنبار بە ناوچەيەكی سەربازی، هیچ بنەمایەكی دروستی نییە، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشكنینیش دژی چەكدارانی داعش لە بیابانی ئەنبار بەردەوامن".
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی ئەمڕۆ لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاوكرایەوە، بیابانی ئەنبار بە ناوچەیەكی سەربازی راگەیێندراوە، داواش لە شوانەکان كراوە دەستبەجێ بیابانەکە بەجێبهێڵن.
لیوا تەحسین ئیبراهیم گوتیشی "لە دوو رۆژی رابردوودا یەکەی 8 و 7 بەسەركردایەتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە و بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبیابانی رۆژئاوای كوبەیسە ئۆپەراسیۆنی فراوانیان ئەنجامداوە و ژمارەیەك تونێل و حەشارگەی چەكدارانی داعشيشیان وێرانكردوون".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق گوتیشی "هاوكات ئۆپەراسیۆنی فراوانیش لە چەمی حۆڕان ئەنجامدراوە كە هەمیشە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەزگاكانی راگەیاندن بە شوێنێكی پارێزراو بۆ چەكدارانی داعش دادەندرێت، فەرماندەیی یەکەی 7 و 8 و ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە لە دوو قۆڵەوە لە هەردوو بەری رۆژئاوا و رۆژهەڵات و ناوەڕاست حۆڕانیان لەداعش پاككردووەتەوە و ژمارەیەك حەشارگە و تونێل وێرانكراون و ئێستاش ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكاندایە".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ