پەرلەمانتارێکی نەینەوا: دەبێ پارێزگار پابەندی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بێت


رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی کوردی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، دەبێ پارێزگاری نەینەوا پابەندنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بێت و فەرمانی دامەزراندنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەربکات. 

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 04-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی دەستووری عێراق، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتاییە و دەبێت هەموولایەک پێوەی پابەندبن.   
 
نوێنەرەکەی پارێزگای نەینەوا جەختی لەوە کردەوە، "دەبێ عەبدولقادر دەخیل فەرمانی دامەزراندن و دەستبەکاربوون بۆ ئەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەربکات، کە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگی لەسەر داون و پەسندی کردوون." 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـى ئادارى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى پارێزگارى نەینەواى لەدژى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایە رەتکردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە دەرکراوە، ئەو بڕیارانەى بە "دروست" زانى. دادگە بەبێ دادبینى بڕیاری دا.
 
سکاڵاکە لەلایەن عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاى نەینەوا لەدژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا تۆمار کرابوو، پارێزگار داواى کردبوو بڕیارەکانى ژمارە 21 بۆ 40ـى کۆبوونەوەى ژمارە 14ـى ئەنجوومەنى پارێزگا بە "نادەستوورى" بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەرانى ناحیە لە سنوورى پارێزگاکە.
 
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕیی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لەدژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکانی بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە کرا.
  
پارێزگارى نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوایە بە "نایاسایی" دەرکراون.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو گۆڕانکارییانە سێ پۆستی بەرکەوتووە، ئەوانیش: قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ-ن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دواى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێت پارێزگار بڕیاری ئەو گۆڕانکاییە کارگێڕییانە دەربکات، چونکە بەگوێرەى یاساى پارێزگاکان ئەو دادگەیە دواشوێنە کە بۆ تانەدان لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا پەناى بۆ ببرێت. 
 
26ـی کانوونى یەکەمى 2024، دادگەى کارگێڕى سکاڵاى حەوت قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لەدژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو.