رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەرگاى خۆبەربژێرکردن بۆ قایمقامێک و پێنج بەڕێوەبەرى ناحیە دەکاتەوە؛ دووانیان دەکەونە سنوورى مادەى 140.
کردنەوەى دەرگاى خۆبەربژێریکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە چواری حوزەیرانی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە دەرکرا.
لە 11ى حوزەیران تاوەکو 22ـی ئەم مانگە، هاووڵاتییان دەتوانن سیڤى خۆیان پێشکێش بکەن بۆ پۆستەکان کە بریتین لە قایمقامى موسڵ، بەڕێوەبەرانى ناحیەى مەحلەبیە، قەیرەوان، قەحتانیە، باشیک و عەیازیە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە رووداوى راگەیاند: "ئەو شەش پۆستە تاوەکو ئێستا بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن و دەبێت پڕبکرێنەوە".
مەرجەکانى خۆبەربژێریکردن بریتین لەوەی: 30 ساڵى تەواو کردبێت، لانیکەم بڕوانامەى بەکالۆریۆسى هەبێت، تۆمەتبار نەبێت بە تاوانى ئابڕووبەرى و گەندەڵى، خەڵکى نەینەوا بێت، 10 ساڵ زیاتر خزمەتى هەبێت، ئەندامى هێزە چەکدارەکان نەبێت.
محەممەد کاکەیی گوتى :"باشیک و قەحتانیە دەکەونە سنوورى مادەى 140ى دەستوور."
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا یەکى تەممووزى 2024 گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد؛ 9ـی نیسانى 2025 پارێزگارى نەینەوا دەستى بە دەرکردنى بڕیارى دەستبەکاربوونى ئەو کەسانە دەرکرد کە ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەردابوون، بەڵام رەتیکردەوە واژۆ لەسەر دەستبەکاربوونى هەندێکیان بکات بە پاساوى ئەوەى مەرجى یاساییان تێدا نییە.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، بەڕێوەبەرانى ناحیەى باشیک و عەیازیە لەوانە بوون لە ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگیان لەسەر درابوو، بەڵام مەرجى یاساییان تێدا نەبوو؛ بۆیە لەلایەن پارێزگارەوە رەتکرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ