سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق: بە قووڵی نیگەرانین لە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

04-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق لەبارەى بڕیارى وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ نەناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەڵێت:" نیگەرانی تووند دەردەبڕین بەرامبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەم رێکارە زیان بە هاووڵاتییانی هەرێمى کوردستان دەگەیێنێت".
 
ئەو راگەیێندراوە ئەمڕۆ چوارشەممە بەناوى سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق لە گرووپى تەلەگرامى ئەو پەرلەمانە بڵاوکرایەوە.   
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارە قەیرانێکی ئابووری دروست دەکات؛ هەروەها پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستوورە کە مافی هەموو هاووڵاتیانی لە گشت پارێزگاکاندا مسۆگەر کردووە.
 
28ـی ئایارى 2025 وەزارەتى دارایی عێراق بە نووسراوى فەرمى حکومەتی هەرێمی کوردستانى لەوە ئاگادارکردەوە چیدیکە ناتوانێ پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرێ، بە پاساوى ئەوەی پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، و نەمانى تەرخانى پارە بۆ هەرێمى کوردستان.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات پاشگەز بێتەوە لە بڕیارەکە و دەڵێت: "پێویستە بژێوی خەڵک و شایستە داراییەکانیان بە پرسە سیاسییەکان و بابەتە تەکنیکییەکانەوە نەبەسترێنەوە و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و دۆسیەکان و چارەسەرکردنی پرسەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە