وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە و باسی ژمارەیەک پرسیان کرد لەوانە؛ پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و دۆسیەی ئاو، هاوکات باسی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیایان بۆ عێراق کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 3-8-2023، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ عەلی رەزا گوینەی، باڵیۆزی تورکیا لەعێراق کۆبووە، بەپێی راگێیندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەردوولا باسیان لە هاوئاهەنگییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و باشترکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان کردووە "بەشێوەیەک بێت لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست بێت."
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بووە کە بڕیارە لە نیوەی دووەمی ئەم مانگەدا بێت.
وێڕای ئەو بابەتانە هەردوولا تاوتوێی بابەتی بەشداریکردنی تورکیا لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و دۆسییەی ئاوی هاوبەشی هەردوولا کردووە.
د. فوئاد حوسێن لەو دیدارەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە عێراق بەرەو دروستکردنی ژینگەیەکی باش بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی و دابینکردنی رێگەکانی گەشەپێدانی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەبەردەم کۆمپانیاکانی بیانی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق هەنگاو دەنێت.
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا کردووە و ئاماژەی بۆئەوە کردووە کە قۆناخی داهاتوو هەنگاوی باش لە پەیوەندییەکانی هەردوولا دەنرێت.
بڕیارە ئەمساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراق بکات، بەڵام هێشتا وادەی سەردانەکەی نادیارە، بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی کوردستانیش کە لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە راگیراوە یەکێک دەبێت لە دۆسییەکانی گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.