سەعید جەیاشی: بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل هیچ هاوکارییەکی دارایی نەکراوین
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێک لە راوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 3500 خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش کە پێشتر لە کەمپی هۆل بوون، شیاندنەوەیان تەواو بووە و گەڕێندراونەتەوە پارێزگاکانی خۆیان. دەشڵێت، دوای گەڕانەوەشیان بۆ نێو کۆمەڵگە چاودێریی ئەمنییان لەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی ئەیلوولی 2025، سەعید جەیاشی، راوێژکاری کاروباری ستراتیژی لە راوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 5000 هەزار خێزانی عێراقی نێو کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق."
کەمپی جەدعە لە نەینەوا تایبەتە بە شیاندنەوەی ئەو کەسوکارانەی چەکدارانی داعش کە لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە، تاوەکو دواتر بگەڕێنەوە زێدی پێشووی خۆیان لە پارێزگاکانی عێراق.
سەعید جەیاشی گوتی: "تاوەکو ئێستا 3500 خێزان کەمپی جەدعەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، موسڵ، سەلاحەدین و بابل."
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، "دوای گەڕانەوەشیان بۆ ناوچەکانیان، چاودێری ئەمنی و هەواڵگری لەسەر ئەو خێزانانە و ئەندامەکانیان بەردەوام دەبێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە نابنەوە بە هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگە."
راوێژکاری کاروباری ستراتیژی لە راوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "ئامانجمانە لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی خێزانە عێراقییەکانی نێو کەمپەکە بگەڕێنینەوە و تێکەڵی کۆمەڵگەیان بکەینەوە."
رۆژی 25ی مانگی رابردوو، تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کەناڵی رووداو دا گوتی، "ئێمە لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رێککەوتووین، بۆ پشتگیریکردنی وەزیری کۆچ و کۆچبەران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە پێدانی 2.4 ملیۆن یۆرۆ، بۆ دامەزراندنی سیستمێکی زۆر قووڵ و کارا بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆل دەگەڕێنەوە."
بەڵام سەعید جەیاشی لەوبارەیەوە دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکمان بۆ دۆسیەی کەمپی هۆل و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان وەرنەگرتووە و هیچ بابەتێکی لەوجۆرەشمان پێڕانەگەیێندراوە."
تۆماس زایلەر ئاماژەی بەوە کرد، دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە، "رێکارێکی زۆر ئامانجدارە بۆ یارمەتیدانی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ بەتاڵکردنەوەی کەمپەکان، هەروەها گەڕاندنەوەی ئەم کەسانە ئەمە دووبارە بۆ ئێمە پرۆسەیەکە کە بەشێکە لە سەقامگیرکردنی عێراق."
جەیاشی باسی لەوە کرد، "بودجەی سەرجەم رێکارەکانی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و دواتر شیاندنەوە و نیشتەجێ کردنەوەیان، لەلاین حکومەتی عێراق دابین دەکرێت."
کەمپی هۆل دەکەوێتە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکراتدایە.