وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی عێراق دەکات
ئامادەکردن: دیار کوردە و بژار زوبێر
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدا دەکات.
رۆژی شەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2023، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگاتە بەغدا.
سەردانەکەی بلینکن بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لیستی ئەو وڵاتانەی ئەپدەیتکردەوە کە بڕیارە بلینکن سەردانیان بکات، بەڵام ناوی عێراقی تێدانییە. لە لیستە نوێکەدا ناوی تورکیای بۆ زیادکراوە.
بەپێی راگەێندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینک سەردانی ئەم وڵاتانەش دەکات: تورکیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و هیندستان. گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاوەکو 10/11/2023 بەردەوام دەبێت.
ئەنتۆنی بلینکن رۆژی 3ـی نۆڤەمبەر سەردانی عەممانی پایتەختی ئۆردنی کرد و لەگەڵ هاوتا عەرەبەکانی کۆبووەوە.
بلینکن پشتیوانیی ئەمریکای بۆ "ئاگربەستی مرۆیی" دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بگاتە خەڵکی سڤیل، ئەوەش دوای ئەوەی کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانە توندەکەی ئیسرائیل گرنگیدانێکی کەمی بەو بیرۆکەیە پێشاندا.
بلینکن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی دوای کۆبوونەوەکە لە بارەی پاراستنی خەڵکی سڤیل و خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییەکانەوە گوتی: "ئەمریکا بڕوای بەوەیە کە دەکرێن هەموو ئەم هەوڵانە لە رێگەی ئاگربەستی مرۆییەوە ئاسان بکرێت."
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن داوایکرد هەموو لایەنەکان پێکەوە کاربکەن بۆ "وەستاندنی کارەساتێک کە بۆ چەندین نەوەی داهاتوو بەرۆکی ناوچەکە دەگرێت."
جەنگەکەی سەر غەززە، لە سەرانسەری جیهان خۆپێشاندان و ناڕەزایی دژی ئیسرائیلی لێ کەوتووەتەوە، وێڕای ناڕەزایی هێزە گرنگەکانی ناوچەکە، لەنێویاندا تورکیا، کە رۆژی شەممە باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل کشاندەوە.
تورکیای هاوپەیمانی فەلەستین پێش جەنگەکە لە هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییە تێکچووەکانی دابوو لەگەڵ ئیسرائیل. بەڵام دوای جەنگەکە تۆنەکەی بەرامبەر ئیسرائیل و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی تووند بووە، بە دیاریکراویش دژی ئەمریکا، لە کاتێکدا کە بەشی هەرە زۆری بەرکەوتووانی جەنگەکە خەڵکی سڤیلن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەوان نەتەنیاهوو بە بەرپرس دەزانن لە بەرامبەر زیادبوونی ژمارەی کوژراونی خەڵکی سڤیل لە غەززە.
ئەردۆغان گوتی: "چیدیکە نەتەنیاهوو ئەو کەسە نییە قسەی لەگەڵدا بکەین. پەراوێزمان خستووە،" هەروەه اباسی لەوە کرد کە دەکرێت ئەنقەرە پەیوەندییەکانی بە تەواوی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببڕێت و هیوای خۆیشی دەربڕی بۆ ئەوەی لە رێگەی هەواڵگریی وڵاتەکەیەوە بتوانێت نێوەندگیری بۆ وەستاندنی جەنگەکە بکات.
بڕیارە بلینکن رۆژی یەکشەممە بە سەردانێکی دوو رۆژە بگاتە تورکیا، کە لەوێ، بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "جەخت لە گرنگیی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ئیسرائیل و کەرتی غەززە دەکاتەوە."