مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق ناسنامەى کوژراوانى هێرشەکەى ئەمریکا لەنزیک کەرکووک بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارە شیعەکان، کە خۆیان بە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن، ناسنامەى ئەو چەکدارانەى ئاشکراکرد کە لە هێرشەکەى ئەمریکا بۆسەر چەکدارانى ئەو گرووپە لە نزیک کەرکووک کوژران.
رۆژی 4ى کانوونى یەکەمى 2023 گرووپى مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق وێنە و ناسنامەى ئەو پێنج چەکدارانەى بڵاوکردەوە کە لە هێرشێکی ئەمریکا لەنزیک کەرکووک کوژراون، بریتین لە: عەلی لعێبى، محەممەد قاسم، حوسێن هادى، محەممەد بەدر و عەبدوڵڵا جەواد.
هێرشەکەی شەوى رابردوو، کاروانێکی هێزەکانى حەشدی شەعبیی کردە ئامانج لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک.
دواى هێرشەکە سەباح عەلی، فەرماندەی فەوجی ئیمامی سوننەکان لە دووبز بە رووداوی راگەیاند، "دوای بیستنی دەنگێکی بەرز لە سەنگەرەکانی سنووری خەرابەڕووت، چووینە شوێنی رووداوەکە و بینیمان ئۆتۆمبێلێکی لیوای 40ی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج و پێنج تەرم لە شوێنی رووداوەکە گواسترانەوە."