مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کوژرانی 5 چەکداریان لە سنووری کەرکووک پشتڕاستدەکاتەوە

03-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ   

 

کاروانێکی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک بۆردوومان کرا. گرووپێکی چەکداری شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن دەڵێن، پێنج چەکداریان کوژراوە و ئەمریکا بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن. 
  
سەباح عەلی، فەرماندەی فەوجی ئیمامی سوننەکان لە دووبز بە رووداوی راگەیاند، "دوای بیستنی دەنگێکی بەرز لە سەنگەرەکانی سنووری خەرابەڕووت، چووینە شوێنی رووداوەکە بینیمان ئۆتۆمبێلێکی لیوای 40ـی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج و پێنج تەرم لە شوێنی رووداوەکە گواسترانەوە." 
 
نزیکەی کاژێرێک دوای رووداوەکە، گرووپێکی چەکداری شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێنج چەکدارییان لەهێرشێکی ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە.
 
سەباح عەلی دەڵێت، "هەریەک لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لە شوێنی رووداوەکەن و لەسەرەتای رووداوەکەدا تەنیا ئەوە زانراوە لە ئاسمانەوە کراونەتە ئامانج." 
 
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی گوتی، "پێنتاگۆن[وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا] تاوەکو ئێستا ئەو هێرشەی پشتراست نەکردووەتەوە بەڵام پێدەچێت، ئەو هێرشە (کاونتەرباتری) بووبێت، واتە وەڵامی هێرشێک بووە لەڕێگەی دژە مووشەکەوە." 
 
بەرپرسی نووسینگەی رووداو باسی لەوەش کرد، بەوپێیەی هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی پێنتاگۆن ئێستا لەگەڵ فەرماندەکانیان لە عێراق لەسەر هێڵن. 
 
بەپێی زانیارییەکانی دیار کوردە، فەرمانی ئەو هێرشە لەلایەن پێنتاگۆن و سێنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا)ـەوە نەدراوە، ئەگەر کاونتەرباتریش بووبێت، ئەوا فەرماندەی ناوچەکە فەرمانەکەی داوە.
 
لەبارەی ئەو هێرشەوە هاونیشتمانییانی گوندەکانی مامە و عەلەغێر لەوبارەوە بە رووداویان گوت "کاژێر 5:40ـی ئەم ئێوارەیە، دوو ئۆتۆمبێلی سەر بە هێزەکانی لیوای 40ـی کەتائیبی ئیمام عەلی و نوجەبا کراونەتە ئامانج."
 
لیوای 40ـی حەشدی شەعبی، سەر بە کەتیبەکانی ئیمام عەلییە، کە راستەوخۆ سەر بە ئەبوو فەدەک، شوێنگرەوەی ئەبوو مەهدی موهەندیسە، سنووری کاریان لە دووبزەوە تاوەکو پردێیە و زیاتر لەو ناوچانەن کە بۆڕی نەوتی پێدا دەڕوات.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەندروستی دووبزەوە رایگەیاند، "هێزێکی ئەمنی چوونەتە ناوچەکە و تەرمی کوژراوەکانیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار." 
 
هاوکات، ئەمشەو سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سنووری ناحیەی پردێ و قەزای داقووق، سوپای عێراق چەند پێگەیەکی داعشی کردووەتە ئامانج. گوتیشی، "بۆردوومانەکە لە دوو شوێنی جیاواز بووە، بەڵام زیانەکان نەزانراون." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە