حیزبوڵڵای عێراقی کوژرانی سەرکردەیەکی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی بە فەرمی کوژرانی سەرکردەیەک و دوو ئەندامی کەتیبەکەی رادەگەیێنێت. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش مەراسیمێکی ماڵئاوایی بۆ فەرماندە کوژراوەکەیان رێکدەخات و دواتر بەخاکی دەسپێرن.
ئەبوو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی هەریەکە لە عەلی حەسەن فرێجی، بەرپرسی بەشی بەدواداچوون لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و دوو لە هاوەڵەکانی بە ناوەکانی حەیدەر ماجدی و سەید عەون فازڵی راگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کوژرانی ئەو سێ ئەندامەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە بۆردوومانێکی سەر ناوچەی 'جرف سەخر' بووە لە پارێزگای بابل.
رۆژی پێنجشەممە، 5ی ئاداری 2026، کەتیبەکانی حزبوڵڵا ی عێراقی، بۆ رێزگرتن لە کوژرانی فەرماندە گەورەکەیان حاجی ئەبو حەسەن فرێجی، بانگهێشتی گشتی بڵاوکردەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ماڵئاوایی و بەڕێکردنی تەرمەکەی.
بڕیارە مەراسیمەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی ئاداری 2026، کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ لە شەقامی "کەریم ئەلنەدا" لە شەقامی فەلەستین-ی شاری بەغدا دەستپێبکات.
پاشان تەرمەکە بە مەراسیمێک دەبرێتە مەزارگەکانی ئیمام حوسێن، ئەبولفەزڵ عەباس و ئیمام عەلی، وەک دوایین ماڵئاوایی پێش ئەوەی لە گۆڕستانی شەهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە شاری نەجەف بە خاک بسپێردرێت.
جرف سەخر کە (حەشدی شەعبی ناوی لێناوە جرف نەسر) دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل.
لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، زیاتر لە 5 جار هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بۆردوومان کراون.