دەستەى دەستپاکیى عێراق بەربژێرێکى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بانگهێشت دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى دەستپاکیى عێراق شەعلان کرەیم، یەکێک لە بەربژێرانى پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بانگهێشت دەکات بۆ دەستەکە، تاوەکو گوتەى لێ وەربگرێت لەبارەى ئەوەى پەرلەمانتارێک داواى بەرتیلى لێکردووە بۆ ئەوەى دەنگی پێ بدات.
 
رۆژی هەینى، 5ى نیسانى 2024، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا داواى لە شەعلان کرەیم، ئەندامى پەرلەمان لە فراکسیۆنى تەقەدووم کرد، سەردانى ئۆفیسی دەستەکە بکات تاوەکو گوتەى لێ وەربگێرێت لەبارەى چەند زانیارییەک کە لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى درکاندووییەتى.
 
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە کە شەعلان کرەیم، بەربژێرى پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە بەرنامەکەدا گوتوویەتی، پەرلەمانتارێک داواى کردووە بەرتیلى بداتێ، لە بەرامبەردا دەنگی پێدەدات.
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق، 13ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت لە پاش ئەوەى گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
 
لەدواى ئەو کۆبوونەوەیەى پەرلەمان، هەندێک لە پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەدا، گومان دەکرێت کڕین و فرۆشتن بە دەنگى پەرلەمانتارانەوە کرابێت بۆ دەنگدان بە بەربژێرانى ئەو پۆستە. 
 
رۆژی 17ـی کانوونى دووەمى 2024، دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکانى سەر بەو دەستەیە، دەستى بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەى ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن وەک بەرتیل، پارە دراوە بە هەندێک پەرلەمانتار بۆ ئەوەى دەنگ بدەنە بەربژێرێکى دیاریکراوى سەرۆکى نوێى پەرلەمان.
 
دەستەکە نووسراوی ئاڕاستە نووسینگەى پەرلەمانتاران ماجید شنگالى، ئەحمەد جبوورى، رەعد دەهلەکى، حوسێن سەعبەرى، عەلی تورکی، کردووە بۆ ئەوەى سەردانى فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکى بکەن، تاوەکو زانیاریی زیاتریان پێبدەن لەبارەى ئەو لێدوانانەى کە بۆ هەندێک لە کەناڵەکانى راگەیاندن لەبارەى ئەو پرسەوە داویانە.