تەندروستیی ئیسرائیل: لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە نزیکەی 7 هەزار بریندارمان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئاماری نوێی بریندارانی جەنگی دژی ئێرانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێیەکان لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، زیاتر لە 6 هەزار و 700 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە 28ـی شوباتی رابردوو، 6 هەزار و 771 بریندار رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتەکە، ئێستا 134 بریندار لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان، کە 2 بریندار تەندروستییان زۆر ناجێگیرە. 15 بریندار باری تەندروستییان خراپە، 25 بریندار  تەندروستییان مامناوەندە، 89 برینداریش پێکانەکانیان سووکە.
 
لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئاماری کوژراوەکانی بڵاونەکردووەتەوە، پەیمانگەی توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل (INSS) rایگەیاندووە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 29 کەس کوژراون.
 
ئەم ئامارانە لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی ئەو سانسۆرە تووندە میدیاییەی ئیسرائیل خستوویەتییە سەر دەرەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێران و بۆردوومانەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل.
 
ئەم جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە دەستیپێکردووە، هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. ئیسرائیل چەندین سەرکردەی باڵای ئێرانی کردووەتە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی داوەتەوە و گەرووی هورمزی داخستووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکانی ئێراندا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 303ـی دیکەش بریندار بوون. تاران هەڕەشەی کردووە بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبیش دەکاتە ئامانج، کە بە گوتەی ئەو وڵاتانە بەشێک لەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سڤیل و زیان گەیاندن بە دامەزراوە مەدەنییەکان.
 
لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵای لوبنان وەک هاوپەیمانی ئێران، لە 2ـی ئادارەوە چەندین هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراو و بریندار بوون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش لە لوبنان ئاوارە بوون.