پارێزگاری ئیلام: 100 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی مێهرانەوە چوونەتە عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری ئیلام دەڵێت، لە 10 رۆژدا زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
 
ئەمڕۆ شەممە 5ی تەممووزی 2025 ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە 26ی حوزەیرانەوە زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکاری ئێرانی و بیانی لە رێگەی دەروازەی سنووریی مێهرانی سەر بە پارێزگاکەوە چوونەتە عێراق.
 
ئەحمەد کەرەمی گوتی، "تەنیا دوێنێ 30 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکەوە چوونە عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێورەسمەکانی موحەڕەم لە شوێنە پیرۆزەکان."
 
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا هاتووچۆی زیارەتکاران بە دەروازەی سنووریی مێهراندا زیاتر بێت. 
 
پێشتر پارێزگاری ئیلام گوتبووی، بڕیارە وێستگەکانی تەواوکردنی مامەڵەی زیارەتکاران بۆ تێپەڕبوون لە دەروازەکە زیاتر بکرێن، بۆ ئەوەی هاتووچۆ خێراتر بکرێت.
 
دەروازەی سنووریی مێهران لە پارێزگای ئیلامە و یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیار و زیارەتکار و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، ساڵانە زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.