رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بڕیاریدا بە قەدەخەکردنی هەر دەستکارییەک لە ئۆتۆمبێلەکان یان گۆڕینی شێوە و رەنگیان. راشیگەیاندووە، سەرپێچیکاران بە بڕی 100 هەزار دینار سزا دەدرێن و راپێچی دادگە دەکرێن.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هاتووچۆى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر دەستکاری و گۆڕانکارییەک لە ئۆتۆمبێل یان لە شێوە یاخود لە شاسی و رەنگەکەی، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی ئەفسەری تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکان سزای پێبژاردن و یاساییشی بەدواوە دەبێت."
عەقید حەیدەر گوتی، "هەر ئۆتۆمبێلێک پێش ئەو گۆڕانکارییانە، دەبێت ببرێتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکان، دوای ئەوەی دەخرێتە ژێر پشکنینی تەکنیکی بۆ دڵنیابوون لە گونجانی لەگەڵ بنەما تەکنیکییەکان و مەرجەکانی پتەوی و سەلامەتی، ئەوکات رێگە بە گۆڕانکارییەکان دەدرێت."
بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەدا زیاتر لە 7 ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ