ئەو ژنانەی لە بەغدا پەلاماری ئەفسەرێکی هاتووچۆیان دا بە زیاتر لە شەش مانگ زیندانی سزادران
رووداو دیجیتاڵ
دادگای کەتنی بەغدا، سزای زیندانیی بۆ ئەو دوو ژنە دەرکرد کە لە کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوودا لە شاری بەغدا پەلاماری ئەفسەرێکی پۆلیسی هاتووچۆیان دا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئێوارەی 4ی ئەیلوولی 2023ی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەو دوو ژنەی لە ناوچەی حارسییەی شاری بەغدا پەلاماری ئەفسەرێکی هاتووچۆیان دا، لەلایەن دادگەی کەتنی بەغدا/کەرخ، هەریەکەیان سزای زیندانیی 6 مانگ و 20 رۆژیان بۆ دەرچووە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای پەسندکردنی گوتە و دانپێدانانەکانیان لەبارەی پەلاماردانی ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی هاتووچۆ لەکاتی راییکردنی ئەرکەکەیدا بڕیاری دادگە دەرچووە، ئەوەش پاڵپشت بە مادەی 38/دوو لە یاسای هاتووچۆی ژمارە 8ی 2019.
شەوی 27ی تەممووزی رابردوو لە ناوچەی حارسییەی بەغدا، دوو ژن هێرشیان کردە سەر ئەفسەرێکی هاتووچۆ. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، ئەو ژنانە جگە لە هێرشکردنە سەر ئەو ئەفسەرە، قسەشی پێدەڵێن و دواتر گرتە ڤیدیۆییەکە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی زۆری لەبارەوە کرا.
رووداوەکە دوای ئەوە روویدا کە رائید موهەنەد جەمیل، ئەفسەری هاتووچۆ دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تاهۆ) کە لە شوێنی نەگونجاو وەستاوە، ئەویش بڕیاریدا دەستی بەسەردا بگرێت، ئەمەش کاردانەوەی خاوەنەکەی لێدەکەوێتەوە کە ئەو دوو ژنە بوون و پەلاماریان دا و قسەی نەشیاویان پێگوت.
دوای ئەو رووداوە، رۆژی یەکشەممە 30-07-2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق شەش بڕیاری تایبەتی لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی هاتووچۆ دەرکرد کە بریتی بوون لە:
1- کارکردن بە مادەی 102ـی یاسای رێوشوینه سزاییەکان، کە رێگە بە کارمەندی هاتووچۆ دەدات ئەو کەسانە دەستگیر بکات هێرش دەکەنەسەری و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان دەکات، چونکە ئەو جۆرە دەستدرێژییە لەو تاوانانەن دەسەلمێندرێن و ئەفسەرانی هاتووچۆ دەتوانن هێرشبەرەکان دەستگیربکەن.
2- کارکردن بە مافی رەوای بەرگریکردن، بە پشتبەستن بە مادەی 2012ـێ یاسای مەدەنی.
3- هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ کەمتەرخەمینەکردن بەرامبەر رووداوەکانی دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی هاتووچۆ و هێزە ئەمنییەکان بەگشتی و جێبەجێکردنی مادەکانی 229،230ـی یاسای سزای عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969.
4- نابێت ئەفسەران و کارمەندانی هاتووچۆ دەستبەرداری مافە کەسییەکانیان بن لەکاتی دەستدرێژیکردنە سەریان، چونکە ئەو دەستدرێژییە تەنیا لەسەر هاتووچۆ نییە، بەڵکو دەستدرێژییە لەسەر شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی و ئەوەش رێگەپێدراو نییە.
5- دەبێت پۆلیسی فریاکەوتن رۆڵی خۆی بگێڕێت لە رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر کارمەندانی هاتووچۆ و پێویستە دەستدرێژیکاران دەستگیر بکات، ئەگەر بینران دەستدرێژییەکە دەکەن.
6- پێکهێنانی یەکەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس بەناوی یەکەی ئەرکە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و پێویست دەکات هەموو کەرەستە پێویستییەکانیشیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەبەردەست بێت.