رووداو دیجیتاڵ
سوودانی وەزیرى دەرەوەى عێراق رادەسپێرێت بۆئەوەی پەیوەندی بە هاوتا تورکییەکەیەوە بکات بۆ کاراکردنى لیژنە ئەمنییەکانى نێوانیان و چارەسەرکردنى کێشە ئەمنیەکانى سنووری نێوان دوو وڵاتەکە.
رۆژی 5ـى تشرینى یەکەمی 2023، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان داواى لە فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە کردووە پەیوەندى بە وەزیرى دەرەوەى تورکیا بکات بۆ کاراکردنى لیژنە ئەمنییەکانى نێویان، بۆ چارەسەرکرنى کێشە ئەمنیەکانى سنوور.
ئەو بڕیارە لەمیانى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بوو کە محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکایەتى کردووە.
کێشەى سەرەکیى سنووریى نێوان عێراق و تورکیا بۆردوومانکردنى ناوچە سنورییەکانە؛ ئەنقەرە بوونى پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لەو ناوچانە بەپاسا و دەزانێت بۆ بۆردوومان کردنیان لەکاتێکدا عێراق ئەو هەنگاوە بە بەزاندنى سەروەرى خاکەکەى دەزانێت.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دامەزراندنى سیستمێکى زانیارى کردووە بۆ دادوەریى تاوان، کە ئەرشیفى دادوەرى تێدا هەڵبگیرێت تاوەکو لەرێگەیەوە بەدواداچوون بۆ جووڵەى ئەو کەسانە بکەن کە تۆمەتبارن.
بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە رێککەوتنى ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و باسیان لە هاوئاهەنگى نێوانیان کردووە لەپێناو جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، کە تایبەتە بە پاراستنى سنوورى نێوان عێراق و ئێران و رێگرى لە دیاردەى چەکداریی بە درێژایی سنوورەکە.
رۆژی 19ى ئەیلوولى 2023 دوا وادە بوو بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنێکى ئەمنى کە لە 19ى ئادار لە نێوان ئێران و عێراق واژۆ کرابوو، کە گرنگترین خاڵەکانى نەهێشتنى مەترسیی سنوور بوو لەسەر ئێران و دوورخستنەوەى هێزە دژبەرەکانى ئەو وڵاتە لەسەر سنوورەکانى، کە مەبەست لێى هێز و پارتەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان بوو لە هەرێمى کوردستان، لە بەرامبەردا کۆمارى ئیسلامیى ئێران بەگوێرەى رێککەوتنەکە دەبێت رێگرى بکات لە قاچاخبردنى مادەى هۆشبەر و دزەکردنى کرێکارانى بیانى لە سنوورکەیەوە بۆ عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ