راوێژکارێکى یاسایی پەرلەمان: یاسای قەدەخەى هاوڕەگەزخوازى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە

06-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەموارى یاساى بنەبڕکردنى لەشفرۆشی و زیادکردنی دەستەواژەى هاوڕەگەزخوازى، ئاڵۆزى لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا زیاد کرد. لە هەرێمی کوردستانیش 'جێبەجێکردنى هەمواری یاساکە، پێویستیى بە رەزامەندیی پەرلەمانەکەیەتى."
 
پەرلەمانى عێراق لە 27ـى نیسانی 2024، هەموارى یاساى بنەبڕکردنى لەشفرۆشیی پەسندکرد؛ هاوڕەگەزخوازى و چەند هەڵسوکەوتێکى دیکەى وەک تاوان ناساند.
 
هاوڕەگەزخوازى لەنێوان نێر و نێر، مێ و مێ، کە بە لادانی سێکسی وەسفکردووە، سزاکەى لەنێوان 10 بۆ 15 ساڵ بەندکردنە. ئەگەر کەسێک کەسی دیکەى بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییە هەڵخەڵەتاند یان بەزۆر پەلکێشی کرد و تەمەنی سەرووی 18 ساڵ بوو، سزاکەى 10 ساڵ بەندکردنە. ئەگەر کەمتریش بوو، سزاکەى تاوەکو 15 ساڵ بەندکردن دەڕوات.
 
سزاى بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزخوازى، بەندکردنە کە لە حەوت ساڵ کەمتر نییە. ئەوە جگە لە سزاى پێبژاردن، کە لەنێوان 10 بۆ 15 ملیۆن دینارە.
 
دانا دارا، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق راگەیاند، بەگوێرەى هەموارەکە هاوڕەگەزخوازى تاوانى شەرەفە، ئەو کەسەى لەسەرى سزا بدرێت، ناتوانێت خۆی بۆ پەرلەمانتاری بەربژێر بکات.
 
یاسای بنەبڕکردنى لەشفرۆشی هەموار کرا و وشەى لادانى سێکسى بۆ ناونیشانەکەی زیاد کرا. ئەو یاسایە ساڵى 1988 دەرکراوە، وەک جێگرەوە بۆ یاسایەکى دیکە کە لە ساڵى 1958ـەوە کارى پێکراوە.
 
سزاى رەگەزگۆڕین لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردنە. ئەو پزیشکەى نەشتەرگەرییەکەشی کردووە، هەمان سزا دەدرێت. بەڵام بەو مەرجەى نەشتەرگەییەکە بۆ چارەسەرى تێکچوونى جەستەیی کەسەکە نەبووبێت.
 
لەو کۆبوونەوەیەى پەرلەمانى عێراق کە یاساکەى تێدا پەسند کرا، مشتومڕ لەسەر سنوورى جێبەجێکردنى ئەو یاسایە دروست بوو. عەلى ساعیدى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژە بەوە دەکات؛ پێویستە ئەو هەوارە لە هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکرێت نەوەک ئەو کەسانە تۆمەتبار دەکرێن، پەنا بۆ هەرێمى کوردستان ببەن.
 
موحسین مەندەلاوى لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت "یاساکە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە." بەڵام راوێژکارە یاساییەکەى پەرلەمانى کوردستان راگەیاند "بۆ جێبەجێکردنى، دەبێت ئەو هەموارە لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە کارا بکرێت."
 
پەسندکردنى هەموارەکە رووبەڕووى رەخنەى ئەمریکا و بەریتانیا بووەوە
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند "ئەوە هەڕەشە لە مافى مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکات و، رەنگە یاساکە بۆ سنووردارکردنى ئازادیى رادەڕبڕین بەکاربهێندرێت"، ئێلینا رۆمانۆوسکى، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕى ئێکس هاوبەشی بەو لێدوانە کرد.
 
كاردانەوەى بەریتانیا لە رێگەى دەیڤد کامیرۆن، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتەوە بوو، کە لە تۆڕى ئێکس نووسى "هەموارEی یاساکەى عێراق لە دژی لەشفرۆشی کە هاوڕەگەزخوازان بە تاوانبار دەناسێنێت، مەترسیدار و نیگەرانکەرە، نابێت کەس بەهۆی ناسنامەیەوە بکرێتە ئامانج، حکومەتی عێراق هان دەدەین رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی هەموو خەڵک بگرێت بەبێ جیاوازی."
 
محەممەد جەعفەر سەدر، باڵیۆزى عێراق لە بەریتانیا بە کۆمێنت لەسەر ئەو پۆستە وەڵامى داوەتەوە و نووسیویێتى "تکایە ئامۆژگارییەکانتان با لاى خۆتان بێت و ئێمە گەلێکین هەزاران ساڵ شارستانى و مرۆڤایەتیمان هەیە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە