سێ هاوپەیمانیی سوننە داوا دەکەن بەپەلە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سێ هاوپەیمانیی سوننەکان داوا دەکەن لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بکرێت.
هاوپەیمانییەکانی عەزم، سیادە و حەسمی نیشتمانی، رۆژی دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن وەک وەڵامدانەوەی داواکاریی زیاتر لە 150 پەرلەمانتار، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن "بەپەلە و لە نزیکترین کات"دا دانیشتنی پەرلەمان رێکبخەن "لەبەر هەر هۆکار و پاساوێک دوانەخرێت".
ئەو سێ هاوپەیمانییە، بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە هەنگاوێکی "یەکلاکەرەوە و پێویست" دەزانن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق.
هەروەها پێیانوایە: "بەردەوامبوون لە دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، دەبێتە هۆی پەکخستنی کاری پەرلەمان و زیان لە بەرژەوەندیی باڵای وڵات دەدات و هەڕەشە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی دروستدەکات".
عەزم، موسەننا سامەرائی، سیادە، خەمیس خەنجەر و حەسمی نیشتمانی، سابت عەباسی سەرۆکایەتیی دەکات. داوا لە هەموو فراکسیۆنە سوننەکان دەکەن، بەرپرسیاری ئاکاری و سیاسی لە ئەستۆبگرن، سەبارەت بە شایستەی سیاسیی سوننە (سەرۆکایەتیی پەرلەمان) و کارکردن بە گیانی هاوکاری و پابەندبوونەوە، ئەوەش بۆ گەرەنتیی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی.
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، کە زۆرینەی سوننەکانی نێو پەرلەمان پێکدەهێنێت بە 45 کورسی، ئەو پۆستە بە پشک و بەرکەوتەی خۆی دەزانێت.
ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان وایکردووە نە سوننەکان بتوانن بە یەک بەربژێرەوە پۆستەکە وەربگرنەوە، نە شیعەکانیش رژد بن لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە.
لەدوای کشانەوەی شەعلان کرەیم، بەربژێری پۆستەکە، سالم عیساوی یەکێکە لەو کەسانەی لە بەدەستهێنانی پۆستەکەوە نزیکە. عیساوی رۆژی 2ـی ئایاری 2024 رایگەیاند: "لە بەربژێربوونم بەردەوام دەبم لەپێناو بەرگریکردن لە سیستم و دەستوور و یاسا و کاری یاسادانان و چاودێری، بۆ ئەوەی ناوی عێراق بەرز لەنێو میللەتان بمێنێتەوە."
شەعلان کەریم بەربژێرى پارتى تەقەدووم لە 17ـى نیسان لە رکابەرییەکە کشایەوە، سوننەکان پێشنیازێکیان پێشکێشکرد بۆ ئەوەى مادەیەکى پەیڕەوى ناوخۆ هەمواربکرێت و لەڕێگەیەوە بتواندرێت کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە لە پارتى تەقدووم خۆى بەربژێر بکات.
74 پەرلەمانتارى عێراق لە 27ـى ئادارەوە داواکارییەکیان پێشکێش بە موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیی پەرلەمان کردووە بۆ هەموارکردنەوەى بڕگەیەکى مادەى 12ـى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان.
هەموارەکە پێویستى بە دەنگى نیوە کۆیەکى ئامادەبوانى کۆوبونەوەى پەرلەمانە و شیعەکان زۆینەى پێکدەهێنن.