پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی رەشنووسی بودجە کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق 8ى حوزەیرانى دیاریکرد بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق، ئەندامێکى لیژنەى داراییش دەڵێت سبەی چوارشەممە لیژنەکەیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە.
رۆژی 6ى حوزەیرانى 2023، راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق خشتەى کارى کۆبوونەوەى 8ى حوزەیرانى بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، کە بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دەبێت.
بەگوێرەى خشتەکە کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى کاژێر یەکى پاشنیوەڕۆ دەبێت.
رۆژی 6ى حوزەیرانى 2023 جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەر لەکۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، بڕیارە 7ى حویزەران لیژنەى دارایی کۆببێتەوە بۆ دەنگدان بە تێکڕاى پڕۆژەیاساکە و ناردنى بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
جەمال کۆچەر گوتیشى: "لەو کۆبوونەوەیەى لیژنەى دارایی، سەرۆکى فراکسیۆنەکان بەشدار دەبن، بەڵام هیچ رێککەوتنێکى فەرمى لەبارەى خاڵە ناکۆکەکانى پشکى هەرێمى کوردستان بە ئێمە نەگەیشتووە".
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق، کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
25ى ئایارى 2023 لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، گۆڕانکارى لەمادەکانى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد، کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک کە پابەندبوونى زیاتر لەسەر هەرێمى کوردستان داندراوە لەبارەى رادەستکردنى نەوت و چۆنییەتى مامەڵەکردن بە داهاتەکەى و پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران.