نزیکەى دوو ملیۆن لیتر گازوازیل لە کەرتى تەندروستیى بەغدا دیار نامێنێت


رووداو دیجیتاڵ 
 
بڕى یەک ملیۆن و 800 هەزار لیتر گازوایلى تەرخانکراو بۆ موەلیدەکانى کەرتى تەندروستیی بەغدا دیارنامێنێت کە بەگوتەى بەرپرسێکى کەرتى تەندروستى، لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەرەوە براوە و ئەگەر هەیە پێشتر بڕى زیاتر برابێت.

جاسب حیجامى، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى کەرتى رەسافەى بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە بڕى یەک ملیۆن و 800 هەزار لیتر گازوایل "دزراوە" کە تەرخان کرابوو بۆ موەلیدەکانى چەند ناوەندێکى چاودێریى تەندروستى.
 
جاسب حجامی گوتیشى: "ساڵى رابردوو ئەو بڕە گازوایلە دیارنەماوە، لەدواى ئەوەى زانراوە بەشێک لە موەلیدەى ناوەندەکانى چاودێریى تەندروستى لەدواى بڕانى کارەباى نیشتیمانى کاریان پێنەکراوە، لێژنە لەسەر ئەو دۆسیەیە پێکهێنراوە و دەرکەوتووە کە چەند فەرمانبەرێک ئەو گازوایلەیان بردووە و دۆسیەکەیان رادەستى دەستەى دەستپاکى کراوە".
 
ئەو بەرپرسەى کەرتى تەندروستیى بەغدا پێشبینیکرد کە لە ساڵانى رابردوودا بڕى زیاترى گازوایل برابێت، بەهۆى ئەوەى پێوەر لە کۆگەکان و کامێراى چاودێرى لە شوێنى ئەو کۆگەیانە نییە.