حكومەتی عێراق زانیاری لەسەر هێرشەكەی بەندیخانەكانی تاجی و ئەبو غرێب هەبووە

06-08-2013
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
نیشانەکردن هەڵاتنی زیندانیيان، تاجی و ئەبوغرێب
A+ A-
بە پێی نووسراوێكی فەرمانگەی چاكسازی وەزارەتی دادی عێراق كە بۆ بەشی بەندیخانەی ناوەندی بەغدا رەوانەكراوە، هۆشداری دەدات لە هێرشی چەكداری بۆ سەر بەندیخانەی ئەبوغرێب.

نووسراوەكە زۆر بە وردی باسی ژمارەی هێرشبەر لەگەڵ شێوازی شكاندنی ئەو بەندیخانەیە دەكات، جگە لەوەی نووسراوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات چەند بەرپرسێكی نێو زیندانەكە هاوكاری ئەو گرووپە دەكەن بۆ هەڵاتنی زیندانییەكان.

ماڵپەری فەرمی وەزارەتی داد وێنەیەكی نوسراوەكەی بڵاوكردۆتەوە و نووسراوەكەش 5 رۆژ بەر لە هێرشەكەی سەر بەندیخانەكان، ئاراستەی سەرجەم بەشەكانی بەندیخانەی ناوەندی بەغدا كراوە.

لە وردەكارییەكانی نێو نووسراوەكەدا هاتووە، رێكخراوی ئەلقاعیدە لە چەند رۆژی داهاتوودا پلان بۆ هەڵاتنی 10 سەركردەی گەورەیان دادەڕێژن، كە لە زیندانەكانی ئەبو غرێب و تاجین، زیاتر لە ٢٠٠ چەكداریش بەشداری ئەو هێرشە دەكەن و لە چوار ئاراستەی جیاوازەوە هێرشدەكەنە سەر بەندیخانەكان و لە نێویشیاندا خۆكوژ هەیە، لە ئەگەری بەهاناوەچوونی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، پلانیان داناوە ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو بە كاروانی ئەو هێزانە بتەقێننەوە تاوەكو رێگە لە گەیاندنی هاوكاری بۆ زیندانەكان بگرن.

لە كۆتایدا نووسراوەكەدا داوا لە سەرجەم بەرپرسان دەكات هەموو رێگەیەك بگرنەبەر بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو كارە.

رۆژی یەكشەممە 21ی تەمموزی 2013، هەردوو بەندیخانەی حوت لە ناوچەی تاجی و بەندیخانەی بەغدای ناوەندی لە شارۆچكەی ئەبوغرێب لە باكووری بەغدا، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە مووشەكباران كران و لەهەمانكاتدا بەمەبەستی ئازادكردنی بەندكراوان كۆمەڵێك چەكداری دیكە، هێرشیانكردە سەر هەردوو بەندیخانەكە .

 لە ئەنجامی رووبەرووبوونەوەی چەكداران و پۆلیسی عیراقی 12 كەس كوژران و 40 كەسیش برینداربوون، نزیكەی 1000 بەندكراویش لە هەردوو گرتووخانەكان هەڵاتن، كە لەنێویاندا سەركردەی قاعیدە هەبوون.

وێنەیەكی نوسراوەكە:






کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە