لێبووردنی گشتی 90 ملیار دیناری بۆ حکومەتی عێراق گەڕاندووەتەوە

06-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە عێراق زیاتر لە 35 هەزار کەس بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون و بڕی ئەو پارانەی کە لەو رێگەیەوە گەڕێنراوەتەوە زیاتر لە 90 ملیار دینارە، بە گوێرەی وەزارەتی دادی عێراق، ئەم یاسایە وایکردووە رێژەی قەرەباڵخی گرتووخانەکان لە 300% کەم ببێتەوە بۆ 132%.
 
دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمى 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق نوێترین ئاماری لەبارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە، کە بە یاسای لێبووردنی گشتی تاوەکو ئەمڕۆ ئازادکراون. ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی فەرمانی دەستگیرکردن یان حوکمی غیابیان هەبووە و یاساکە گرتوونیەتیەوە، گەیشتووەتە 143 هەزار و 924 کەس.
 
یاسای لێبوردنی گشتی کە لە 17ـی شوباتی 2025ـەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، چەند تاوانێکی دیاریکردووە بۆ ئەوەی لێبوردن بیانگرێتەوە.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاندووە، بڕی ئەو پارەیەی لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی گەڕێنراوەتەوە 38 ملیار و 505 ملیۆن و 390 هەزار و 196 دینار بووە، لەگەڵ بڕێک پارەی دیکە بە دۆلار کە 34 ملیۆن و 347 هەزار و 414 دۆلار (51 ملیار و 521 ملیۆن و 121 هەزار دینار) دەکات، کە بە هەردووکیان زیاتر لە 90 ملیار و 26 ملیۆن دینارە.
 
یاسای لێبووردنی گشتی رێگەی داوە بەو کەسانەی تۆمەتبار یان حوکمدراون بە تاوانی گەندەڵی و بردن و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی، دوای پاکتاوکردنی ئەوەی لە ئەستۆیانە، یاساکە دەیانگرێتەوە و ئازاد دەکرێن.
 
یەکێکی دیکە لە ئامانجی ئەو یاسایە، کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لەسەر گرتووخانەکانی عێراق بووە.
 
دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمى 2025، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "جێبەجێکردنی ئەو یاسایە رۆڵی بینیوە لەوەی رێژەی قەرەباڵخی گرتووخانەکان لە 300% کەم بکاتەوە بۆ 132%."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە