سوودانی داوای بەشداریی کارای خەڵک لە هەڵبژاردندا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی هەڵبژاردندا لە پارێزگای واست رایگەیاند: "تاکە حکومەتین بە دەستکەوتی بەرجەستەوە رووبەڕووی گەل دەبینەوە." هەروەها دەڵێت:"ئەوانەی راهاتوون لەسەر گوتنەوەی دروشم دژی دەستکەوتەکان، نازانن کارکردن چییە ئەوانەی باسی گەندەڵی دەکەن، بە سیاسەتە شکستخواردووەکانیان خۆیان گەندەڵیان دروستکرد."
ئێوارەی چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەشداریکرد لە رێوڕەسمی ناساندنی بەربژێری لیستەکەی لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق، سوودانی رایگەیاند:"دەستپێکی کارمان، رووبەڕووبوونەوەی هەژاری و بێکاری، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران لە هەر شوێنێک بن، هەروەها چاکسازی لە دۆخی ئابووریدا بوو."
سەبارەت بە پشکی پارێزگای واست لەو خزمەتگوزارییانە، سوودانی گوتی، "103 هەزار خێزان کە دەکاتە زیاتر لە 400 هەزار کەس سوودمەندبوون و هاوکاری خوێندکارانیش گەیشتە 108 هەزار خوێندکار."
سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەروەها باسی لە پڕۆژەکانی ژێرخان کرد و دەڵێت، "پاکێجێک پڕۆژەمان بە بەهای زیاتر لە 231 ملیار دینار دەستپێکرد کە 8 پڕۆژەی سەرەکیی تۆڕەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی رێگەکان لەخۆدەگرێت. هاوکات 71 باڵەخانەی قوتابخانەی نوێ لە سەرتاسەری واست دروستکراون و 220 باڵەخانەی دیکەی قوتابخانەکانیش نۆژەنکراونەتەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەکات، زیاتر لە 400 بەربژێری لە پارێزگاکان هەیە، ئەو باسی پارەی تەرخانکراو بۆ خزمەتگوزاری دەکات و دەڵێت: "جگە لە تەرخانکراوی ساڵانەی پارێزگای واست، بڕی 2 تریلیۆن و 474 ملیار دینارمان بۆ پاڵپشتیی رەوتی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان تەرخانکردووە. بۆیە تاکە حکومەتین کە بە دەستکەوتی بەرجەستەوە بەرامبەر گەل وەستاوین."
سوودانی داوای "بەشداریی فراوان"ـی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کرد و دەڵێت، "دەنگی راستگۆیانە پارێزگاری لە دەستکەوتەکان دەکات و هەڵبژاردنی هۆشیارانە دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە لادان دەپارێزێت و رێگری لە گەندەڵکاران و شکستخواردووەکان دەکات."
بە بۆچوونی ئەو، بەشداریی کاریگەر و هۆشیارانە لە هەڵبژاردنەکاندا بژاردەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانییە، بە دەنگی ئێوە شەڕەکە یەکلایی دەبێتەوە لەنێوان ئەوانەی دەیانەوێت دەوڵەت بنیات بنێن و ئەوانەی دەیانەوێت پەکبخەن."
پاش زیاتر لە مانگێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن، هەفتەی داهاتوو دەنگدانی گشتی و تایبەت لە عێراق بەڕێوەدەچێت؛ رۆژی هەینی 7-11-2025 دوایین رۆژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە .