رووداو- كۆلۆمبۆ
باڵیۆزی عێراق لە سریلانكا دەڵێت كارەكانی كردنەوەی كونسوڵخانەی سریلانكا لە هەرێمی كوردستان لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە. هەروەها دەڵێت كە دەیانەوێ سوود لە ئەزموونی سریلانكا لە بواری كشتوكاڵدا ببینن و لە عێراق جێبەجێی بكەن.
حكومەتی عێراق لە ساڵی 1971ەوە باڵیۆزخانەی لە سریلانكا كردووەتەوە، بەڵام ئەحمەد ئەلجمەیلی كە ئێستا باڵیۆزی عێراقە لەو وڵاتە، دەڵێت رژێمی پێشووی عێراق هیچ سوودێكی لە ئەزموون و پێشكەوتنەكانی ئەو وڵاتە وەرنەگرتووە، بەڵكو باڵیۆزخانەكەی زیاتر بۆ كاری هەواڵگری بەكارهێناوە.
ئەلجمەیلی لە هەڤپەیڤینێكی كورتدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت "بەو پێیەی سریلانكا وڵاتێكی دوورە دەستە و كەمتر چاوی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكای لەسەر بووە، رژێمی پێشووی عێراق قورساییەكی زۆری خستبووە سەر ئەم وڵاتە و لێرەوە كاری سیخوڕیی لەسەر ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ئیسرائیل دەكرد. بەشێكی تایبەتی لەنێو باڵیۆزخانەكەدا بۆ كاری هەواڵگری جیاكردبووەوە".
هەروەها دەڵێت "هەر حیزبێكی ئەو وڵاتە بەهێز بووایە، رژێمی پێشووی عێراق بە ملیۆنان دۆلاری پێدەدا، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا بیباتەوە و رێگری نەكەن لە كارە هەواڵگرییەكانی رژێم".
ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان كونسوڵخانە یان نوێنەرایەتی بازرگانییان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، بەڵام سریلانكا لە نێو ئەو وڵاتانەدا نییە. ئەحمەد ئەلجمەیلی باسی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت "سریلانكا لە رووی كشتوكاڵەوە پێشكەوتووە و سریلانكییەكان ئەزموونێكی باشیان لەو بارەوە هەیە، بۆ گواستنەوەی ئەزموونی ئەوان بە پێویستمان زانی كونسوڵخانە لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، چونكە ژینگەی كوردستان بۆ كشتوكاڵ زۆر لەبارە. ئێستا سەرجەم كارەكانی كردنەوەی كونسوڵخانەی سریلانكا لە هەولێر لە قۆناغی كۆتاییدایە و بەم نزیكانە سریلانكا كونسوڵخانە لە هەولێر دەكاتەوە".
زۆربەی خەڵكی كوردستان، ئەگەر ناوبانگی پڵنگەكانی تامیلیان نەبیستبێ كە گرووپێكی بەرهەڵستكار بوون و لە دژی حكومەتی سریلانكا دەجەنگان و لە ساڵی 2009دا لەنێوبران، ئەوا زۆربەیان رۆژانە جۆرەكانی چای سریلانكی دەخۆنەوە.
سریلانكا كە دەكەوێتە باشووری ئاسیا، لە بەرهەمهێنانی چادا بەناوبانگە و زۆربەی دۆڵ و دەشتەكانی لە كێڵگەكانی چا سەوز دەچنەوە. بەپێی زانیارییەكان 23%ی چای جیهان لەو وڵاتە بەرهەم دێت. هەروەها زیاتر لە 63%ی خەڵكی ئەو وڵاتە بە كشتوكاڵەوە خەریكن.
ئەلجمەیلی دەڵێت "زۆر گرنگە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ كشتوكاڵ سوود لە ئەزموونی ئەم وڵاتە وەربگرن، بۆیە ئێستا هەوڵ دەدەین پەیوەندی لە نێوان بازرگانانی هەرێمی كوردستان و سریلانكا دروست بكەین".
تێكچوونی رەوشی ئەمنی و ئابووریی عێراق و سووریا، وای كردووە خەڵكی ئەو دوو وڵاتە هەموو رێگایەك تاقی بكەنەوە و سەر بە هەموو وڵاتێكدا بگرن، بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا. ئێستا كۆچبەرانی عێراق و سووریا فڕۆكەخانەكانی سریلانكا بەكاردێنن و دەیانەوێ بە پاسپۆرتی ساختەوە لەوێوە بگەنە ئوسترالیا و ئەوروپا.
باڵیۆزی عێراق لە سریلانكا سەبارەت بە هەڵبژاردنی سریلانكا لەلایەن كۆچبەرانەوە بۆ كۆچكردن دەڵێت "لا تەریكی ئەم وڵاتە و هاتن و چوونی ژمارەیەكی زۆر گەشتیار، هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی كۆچبەران لێرەوە كۆچ بكەن".
گوتیشی "كۆچبەران بەناوی گەشتكردنەوە دێنە سریلانكا، پاشان بە پاسپۆرتی ساختە گەشت دەكەن. هەر بەهۆی ئەو پاسپۆرتە ساختانەوە تاوەكو ئێستا هەشت عێراقی لە فڕۆكەخانەی كۆلۆمبۆی پایتەخت دەستگیركراون، پاشان ئێمە پاسپۆرتی ئێمرجنیسمان بۆ كردن و رەوانەی عێراق كرانەوە".
عێراق بۆ رزگاربوونی لە شەڕی داعش بەردەوام لە سەردان و دیدارە دیبلۆماسییەكانیدا لە رێگەی وەزیری دەرەوە و باڵیۆزخانەكانی داوای هاوكاریی سەربازی لە وڵاتانی جیهان دەكات.
باڵیۆزی عێراق لە سریلانكا دەڵێت "بە فەرمی داوامان لە حكومەتی سریلانكا كردووە لە شەڕی دژی داعش و قەیرانی داراییدا هاوكاریمان بكەن، ئەوانیش بەڵێنیان پێداوین، بەڵام هەتا ئێستا دیراسەی داواكارییەكەی ئێمە دەكەن بۆ ئەوەی بزانن بە چ رێگەیەك و چۆن هاوكاریمان بكەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ