سوودانی فەرمانی دەستگیرکردنی هێرشکارانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بە هەموو فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان لە سنووری بەرپرسیارێتیی خۆیاندا، "راوەدووی ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە بکەون کە مووشەکیان ئاراستەی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کردووە و رادەستی دادگەیان بکەن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، سوودانی دووپاتی کردووەتەوە کە بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان لە عێراق، کارێکی "پاساو هەڵنەگرە" و لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا قبووڵ ناکرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم جۆرە کارانە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی وڵات دەگەیێنن.
 
''بڕیاری جەنگ لای دەوڵەتە''
 
سەباح نوعمان دەڵێت، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو "گرووپە سەرکێشانەی" پابەندی یاسا نابن، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی عێراق ناکەن. سوودانی جەختیشی کردووەتەوە، "بڕیاری جەنگ و هەر کردەوەیەکی سەربازی تەنیا و تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە و حکومەت نوێنەرایەتیی بڕیاری نیشتمانی دەکات."
 
ئەم بڕیارەی سوودانی لە کاتێکدایە لەدوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، چەندین جار مووشەک و درۆن ئاراستەی بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کراوە و ئەمشەویش هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە