شانەی راگەیاندنی ئەمنی: حەشدی شەعبی لە نەینەوا بۆردوومانکرا و چەکدارێک کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاماری فەرمیی بۆردوومانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا چەکدارێک کوژراوە و سێ کەسی چەکداری دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، کاژێر 18:10ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئاداری 2026، بارەگای لیوای 40 و فەوجی 33 ی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا، لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی "نەناسراو"ەوە کراونەتە ئامانج.
 
 شانەی راگەیاندنی ئەمنی هێرشەکەی بە "دەستدرێژییەکی ناڕەوا" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانی مادی زۆریش بەو دوو بنکەیە گەیشتووە.
 
پێش بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکە، سەرچاوە ئەمنییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاندبوو کە هێرشەکان تەنیا سنووری نەینەوایان نەگرتووەتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر شارۆچکەی گەیارە لە نەینەوا، ناوچەی "گەهاوی" لە پارێزگای ئەنبار (کە دەکەوێتە سەر سنووری بابل و نزیکە لە جرف سەخر) سێ جار بۆردوومان کراوە.
 
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە لە ناوچەی گەهاوی بنکەکانی لیوای 45ی حەشدی شەعبی کە بە حەشدی ئەنبار ناسراون، جێگیرکراون.