هێزە عێراقییەکان ناوەندی شارۆچکەی هیتیان کۆنترۆڵکردەوە

07-04-2016
کارزان رەسوڵ
نیشانەکردن هیت عێراق
A+ A-

رووداو - ئاژانسەکان

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆنترۆڵکردنەوەی ناوندی شارۆچکەی هیتی لە رۆژئاوای ئەنبار لە ژێر دەستی داعش راگەیاند.


فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند"هێزەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لیوای 73 لە فیرقەی 16 ی سوپای عێراق توانیویانە ناوەندی شارۆچکەی هیت لە ژێر دەستی داعش کۆنترۆڵبکەنەوە و ئاڵای عێراق لەسەر یەکێک لە باڵەخانەکانی ئەو شارۆچکەیە هەڵبدەن". 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە" شەڕوپێکدادان تاوەکوئێستا بەردەوامە، بۆ ئەوەی تەواوی هیت و ناوچەکانی دەورووبەری ئەو شارۆچکەیە لە ژێر دەستی داعش کۆنترۆڵبکرێنەوە".

لە راگەیێندراوەکەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژە بەوەشدراوە، هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامن لە دەربازکردنی خانەوادەکانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان و گواستنەوەیان بۆ شارەدێی کوبەیسە".

داواش لەو خانەوادانەدەکەن، کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش ماون و دەربازیان نەبووە، لە بنکەکانی داعش دووربکەونەوە، بۆئەوەی لەکاتی بەئامانجکردنی ئەو بنکانە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە زیانیان پێنەگات.

رۆژی پێنجشەممە 30-3-2016 ، هێزی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای هیت-ی لە رۆژئاوای ئەنبار راگەیاند و، رۆژی شەممە 2-4-2016 هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیان بچنە نێو گەڕەکەکانی شارۆچکەکەو بارەگای پۆلیس لە گەڕەکی پیشەسازیی کونترۆڵ بکەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە