تۆڕێکى سەر بە داعش پارەیان وەرگرتووە و لە کەرکووک رادەستى ژنێکیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق دەستگیرکردنى تۆڕێکى راگەیاند کە ئەندامێکى داعش لە دەرەوە بەڕێوەى بردووە و لەرێگەى دزەکردنە نێو هەژمارى هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنگپێهەڵچنینیان پارەى لە هاووڵاتییانى موسڵ وەرگرتووە و پارەکە گەیێندراوەتە دەست ئەندامێکى ژنى تۆڕەکە لە کەرکووک.
ئاشکراکردنى ئەو تۆڕە لە رێگەى راگەیێندراوێک بووە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ى نیسان لەلایەن دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق بڵاوکراوەتەوە.
دەزگاکە ئاماژەى بەوە داوە کە ئەو پارەیەى لەو رێگەیەوە تۆڕەکە دەستیکەوتووە حەواڵە کراوە بۆ ئەو سەرپەرشتیارەى تۆڕەکە کە لە دەرەوەى عێراق نیشتەجێیە و ئەندامى رێکخراوى داعشە.
قوربانییانى ئەو تەنگپێهەڵچنینە هاووڵاتییانى شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا بوون، ئاشکرا بوونى تۆڕەکە لەرێگەى بۆسەیەکەوە بووە کە بۆ کەسێک داندراوە و لەدواى دەستگیرکردنى دەرکەوتووە کە ئەو کەسە شۆفێرە و ئەو پارانەى لەرێگەى ئەو کارەوە دەستى کەوتووە بردوویەتى بۆ کەرکووک بۆ ئەوەى رادەستى ژنێکى تەمەن 52 ساڵى بکات.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى رایگەیاندووە، ئەو ژنە جارێکى دیکە پارەکەى حەواڵەى نەینەوا کردووەتەوە بۆ بە تۆمەتبارێکى دیکەى ئەو تۆڕە کە دەستگیرکراوە و ئەویش پارەکەى حەواڵەى ئەندامەکەى رێکخراوى داعش کردووە.