رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکدار بە ناوی 'جەیشولغەزەب' کە خۆی وەک بەشێک لە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، بەرپرسیارێتیی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ گرت.
ئەو گرووپە چەکدارە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی نیسانی 2026 لە کەناڵەکەی خۆی لە تەلەگرام لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" لە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیێندراوەکەی ئەو گرووپە چەکدارەدا هاتووە، هێرشەکە وەک "تۆڵەکردنەوەیەک" کراوە بۆ خوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان و چەکدارانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بووە.
ئەو گرووپە چەکدارەی بەرەی موقاوەمە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە 24ی شوباتەوە واتە چوار رۆژ بەر لە هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە رێگەی راگەیێندراوێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.
گرووپەکە بانگەشەی ئەوە دەکات لە 28ی شوباتەوە دەستی بە هێرشکردنە سەر "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" لە ناوچەکەدا کردووە.
بەگوێرەی بانگەشەکانی، گرووپەکە بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کوێت، بەحرێن و هەرێمی کوردستان، گرووپە چەکدارەکە راشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 11 جار هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
ژمارەیەک گرووپی چەکدار، لەوانە "سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولکەهف، جەیشولغەزەب و ئەولیائوڵڵا"کە هیچ پێگە و ناونیشانێکی فەرمیان نییە، بەرپرسیاریێتی زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپە چەکدارانە کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، بانگەشەی ئەوە دەکەن لە 28ی شوباتەوە (واتە لە رۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران) تاوەکو ئێستا 812 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بانگەشەکانی ئەو گرووپانە لە کاتێکدان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەر ماڵی هاونیشتمانییەک لە گوندی "زەرگەزەوی" لە سنووری ناحیەی دارەشەکرانی هەولێر کەوت و بەو هۆیەوە پیاوێک و هاوژینەکەی شەهید بوون. دژەتیرۆری کوردستانیش رایگەیاند کە ئەو درۆنەی بەر ماڵی ئەو هاونیشتمانییە کەوتووە، لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ