لە بەغدا چوار قوتابی دەردەکرێن کە پانکەی هۆڵی خوێندنەکەیان شکاندبوو

07-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیارى وەزیرى پەروەردەى عێراق، چوار قوتابیى خوێندنى ئێوارانى قوتابخانەیەکى بەغدا دەرکران، کە کورسی بە پانکەى پۆلەکەیاندا دەکێشن و دەیشکێنن. دیمەنى ئەو رووداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە.
 
ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەو چوار قوتابییە بۆ خوێندنى ئەم ساڵ دەردەکرێن.
 
رووداوەکە لە قوتابخانەى ناوەندى ئەنوار کەڕادە لە بەغدا بووە، لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، ئەو قوتابییانە کورسى دەگرنە پانکەى پۆلەکەیان و پەڕەکانى خوار دەکەنەوە و لەکارى دەخەن.
 
وەزارەتى پەروەردە لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەسەر رووداوەکە پێکهێناوە، وەزیرى پەروەردە لەسەر بنەماى ئەنجامى لیژنەکە، چەند راسپاردەیەکى دەرکردووە، یەکێکیان دەرکردنى ئەو قوتابییانە بووە.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى وەزارەتى پەروەردە دەڵێت، "ئەو قوتابییانە بە ئەنقەست زیان بە کەلوپەلى پۆلەکە دەگەیێنن."
 
یەکێکى دیکە لەو بڕیارانەى وەزیرى پەروەردە دەریکردووە، سزادانى کارگێڕى قوتابخانەکە بووە، بەهۆى "کەمتەرخەمى لە رێکخستنى دەوام و بەجێگەیاندنى ئەرکەکەى بە شێوەیەکى باش و دروست."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە