لە ژووری دادگەیی عەجاج چی روویدا؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئاسۆ سەراوی
کاتی بردنە ژوورەوەی عەجاج  بۆ دادگە
کاتی بردنە ژوورەوەی عەجاج بۆ دادگە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رێوشوێنکی ئەمنیی تووندا دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، ناسراو بە "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" لە دادگەی رەسافە لە بەغدا بەڕێوەچوو. لەنێو هۆڵی دادگەدا کە میدیاکان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال رووبەڕووی جەلادەکە ببوونەوە، گەواهی ناخهەژێن لەسەر سەردەمی نوگرەسەلمان دران و دواجاریش دانیشتنەکە بۆ 14ی ئایار دواخرا.
 
لە هۆڵی دادگا راگەیاندنەکان لە بەرەیەک و کەسوکاری قوربانیانیش لە بەرەیەکی دیکە دانیشتبوون. پێنج دادوەر ودوو داواکاری گشتی سەرپەرشتی دانیشتنەکەیان دەکرد. هەر سێ پارێزەری کورد (ئەیاد کاکەیی، دیلمان لەتیف و سەلام بەختیار) وەک پارێزەری سکاڵاکاران ئامادەبوون.
 
کاتێک عەجاج بە جلوبەرگی زیندان و نەعلێکی قاوەییەوە لەلایەن دوو پۆلیسەوە هێنرایە ژوورەوە، هەموو چاوەکان چوونە سەری. عەجاج کە سەروڕیشی تەواو سپی ببوو و تەنیا چەند تاڵێکی رەش لە سمێڵیدا مابوو، دەستەکانی دەلەرزین و هەرچەندە رووی لە دادوەرەکان بوو، بەڵام جارجار ئاوڕێکی ناچاریی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەدایەوە.
 
دادوەر گوتەی 18 سکاڵاکاری بە جیا و 8 سکاڵاکاری دیکەی بەسەریەکەوە وەرگرت. یەکەم گەواهیدەر فەزیڵە محەممەد بوو، کە داوای کرد بەهۆی هەستیاریی گوتەکانی، گەواهیدانەکەی بە نهێنی بێت و دادوەر داواکەی قبوڵ کرد.
 
رزگار شەمدین، سکاڵاکارێکی دیکە بوو کە لەبەردەم دادوەردا رایگەیاند، عەجاج بە کێبڵ لێی داوە و بەهۆی نەبوونی ئاوەوە، ناچار کراون ئاوی پیس و بۆگەن بخۆنەوە. رزگار گەواهی تووندتریشی دا و گوتی: "لاشەی بەشێک لە مردووەکانی نێو زیندانی نوگرەسەلمان لەلایەن سەگەوە دەخورا."
 
رەزا حەسەن، یەکێکی دیکە لە سکاڵاکاران، باسی لەوە کرد کە دوای 24 کاژێر تینوێتی، بەزۆر چڵکاوی سەر زەوییان پێ خواردوونەتەوە و رۆژانە تەنیا یەک سەمونی رەقیان وەک ژەمەخواردن پێدراوە.
 
هەروەها عەلی عارف، چیرۆکی مردنی براکەی (ئەنوەر عارف)ی گێڕایەوە و گوتی: "کاتێک براکەم بەهۆی لێدانەوە لە زیندان مرد، لە کاتی ناشتنی تەنیا توانیمان نیوە جەستەی بنێژین، چونکە هێندە هیلاک و بێهێز بووین توانای هەڵکەندنی گۆڕی تەواومان نەمابوو."
 
ژنێکی عەرەب لەنێو سکاڵاکارانی کورددا
 
لەنێو سکاڵاکاراندا ژنێکی عەرەب بە ناوی نیزال حەیدەر ئامادە بوو. ئەو گوتی کەیسەکەی ئەو پەیوەندی بە ئەنفالەوە نییە، بەڵکو برایەکی لە زیندانی نوگرەسەلمان بێسەروشوێن بووە و هەر بۆیە سکاڵای لە دژی عەجاج تۆمار کردووە.
 
شەهد محەممەد، ئەو پارێزەرە کچەی کە دادگا بۆ عەجاجی دیاریکردبوو، لە دەرەوەی هۆڵی دادگا بە رووداوی راگەیاند: "عەجاج لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی پێکراوە و ئەو تاوانانەی خراونەتە پاڵی پەیوەندی بەوەوە نییە."
 
پارێزەرەکەی عەجاج بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە سەماوە لە عەجاج دراوە تاوەکو دان بە تاوانەکاندا بنێت و بۆ ئەو مەبەستەش راپۆرتی پزیشکییان هەیە.
 
دواجار دادوەر بڕیاریدا بەهۆی پێویستی بە وردبینی زیاتر، دانیشتنی دادگاییکردنەکە بۆ رۆژی 14ی ئایار دوابخات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە

سەدر هەڕەشەی مانگرتن لە خواردن دەکات

موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە مانگرتن لە خواردن رادەگەیێنێت، ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا خواردنی چەکدارانی گرووپی سەرایا سەلام باشتر نەکرێت.