رووداو - بەغدا
تاوەکو ئێستا هێزەکەی تورکیا لە باشیک نەکشاوەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە 4-10-2016 پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە دەرکردنی ئەو ھێزە لە خاکی عێراق. ئێستا دوای گشتپرسیی کوردستان بۆچوونی لایەنە عێراقییەکان لەو بارەوە گۆڕاوە.
کوتلەی دەعوە یەکێکە لە فراکسیۆنەکانی ھاوپەیمانی نیشتمانی و زۆربەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت لەژێر دەستیدایە. سەرۆکی کوتلەکە پێیوایە بوونی ھێزی تورکی لە دابەشبوونی عێراق باشترە.
خەڵەف عەبدولسەمەد، سەرۆکی کوتلەی دەعوە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "ئەگەر بەراورد بکەین لە بوونی ھێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق و دابەشبوونی عێراق، ئەوا گرنگییەکە بۆ یەکڕیزی خاکی عێراقە، چونکە بە یەکڕیزی دەتوانین ھەر ھێزێک لە عێراق دەربکەین".
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئەرکی سەرشانی بوو راپۆرتی گشتی لەسەر بوونی ئەو ھێزەی تورکی بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بدات، ئەندامێکی لیژنەکە ئاماژە بەوە دەکات ھێشتا کاتی ئەوە نییە ئەو ھێزە دەربکرێت.
محەممەد سالم، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە رووداوی گوت "لەو رۆژەی کە بوونی ھێزی تورکیمان رەتکردەوە سەرقاڵبووین بە شەڕی داعش، ئەگەر ئەمڕۆ ڕێگریمان لەو ھێزە نەکرد، سبەی کە داعش تەواو بوو کاری لەسەر دەکەین".
فراکسیۆنە تورکمانەکان پێیانوایە وڵاتانی دراوسێ رۆڵێان ھەیە لە بوونی ھێزی تورکی لەسەر خاکی عێراق
نیازی معمارئۆغڵو، پەرلەمانتاری تورکمان دەڵێت "ئێمە وەکو تورکمان لەگەڵ ھەر بڕیارێکی حکومەتی ئیتحادین بەڵام روڵێکی ئەقلیمی ھەیە لەسەر ئەو ھێزانە یەک لە تورکیا، ئێران و سووریا و حکومەتی عێراقی. ئێمە وەکو تورکمان ھیوادارین رێگەچارەیەکی تەوافوقی نیشتمانی ھەبێت".
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ