دادوەر رزگار محەممەد ئەمین بۆ پۆستی وەزیری داد بەربژێرکرا

08-01-2019
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن وەزارەتی داد رزگار محەممەد سەلیم جبووری
A+ A-

رووداو - هەولێر 

بەپێی نووسراوێکی فەرمی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بۆ پەرلەمانی عێراقی ناردووە، دادوەر رزگار محەممەد ئەمین بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق.

بەپێی نووسراوەکە، کە واژۆی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە و لە بەرواری 7-1-2019 دەرچووە، فالح فەیاز، بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، سەلیم جبووری بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی و دادوەر رزگار محەممەد ئەمینیش بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق.

دادوەر رزگار محەممەد ئەمین، یەکەم دادوەری دادگای تایبەت بە دادگایی سەددام حوسێن بوو.

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2019 تاوتوێ بکات. هەروەها چاوەڕوان دەکرا وەزیران بۆ وەزارەتەکانی بەرگریی، ناوخۆ و داد دەستنیشان بکات، بۆ پێنجشەممەی داهاتوو دواخرا.

سەرباری هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی سێ وەزارەتەکە و دەستنیشانی وەزیران بۆ ئەو وەزارەتانە، بەڵام ناکۆکی نێوان هاوپەیمانی ئیسڵاح بەڕابەریی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی بینا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لەسەر بەربژێر بۆ پۆستی وەزیری ناخۆ رێگرە لە یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە