باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: پێدەچێت گرووپەکان هێرشی زیاتر بکەنە سەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بەپەلە و تووند دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و رایدەگەیێنێت، "بەهۆی هێرشی درۆنیی میلیشیاکان و مەترسیی بەردەوامی مووشەک و درۆن لە ئاسمانی عێراق"، پێویستە بە زووترین کات و بە رێگەی وشکانی عێراق جێبهێڵن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئاگادارییەکی ئەمنیدا رایگەیاند، "میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران" چەندین هێرشیان بە درۆن بۆ سەر ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ئەنجامداوە. باڵیۆزخانەکە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەو گرووپانە هێرشی زیاتر بکەنە سەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق پلانی خۆی بۆ کردنەوەی ئاسمانی وڵات و دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانییەکان راگەیاندووە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی و دەڵێت، "بەهۆی مەترسیی بەردەوامی مووشەک و درۆن لە ئاسمانی عێراقدا، رێنمایی ئەمریکییەکان دەکەین گەشتی ئاسمانی ئەنجام نەدەن و تەنیا رێگەی وشکانی بۆ جێهێشتنی عێراق بەکاربهێنن."
 
بەپێی هۆشدارییەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، گرووپە چەکدارەکان مەبەستیانە هاووڵاتییانی ئەمریکی، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکان، زانکۆکان، ژێرخانی وزە، هۆتێل و فڕۆکەخانەکان بکەنە ئامانج. هۆشداریش دەدات کە ئەو گرووپانە هەوڵی "رفاندنی" هاووڵاتییانی ئەمریکی دەدەن.
 
باڵیۆزخانەکە ئاستی هۆشداریی گەشتکردنی بۆ عێراق لە "ئاستی چوارەم - گەشت مەکەن" هێشتووەتەوە و روو لە هاووڵاتییانی دەکات و دەڵێت، "بۆ هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عێراق مەکەن، ئەگەر لەوێشن، دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن."
 
سەبارەت بە ڕێگەکانی جێهێشتنی وڵات، باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە رێگە وشکانییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئوردن، کوێت، سعودیە و تورکیا کراوەن و داوا لە ئەمریکییەکان دەکات یەکێک لەو رێگایانە بگرنەبەر، "هەرچەندە ئەگەری قەرەباڵخی و دواکەوتنی زۆر لەسەر سنوورەکان هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو

​راوێژکاری سوودانی:بۆ دابینکردنی مووچە کار بە سیستمی یەک لەسەر دوازدە دەکرێت

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئاستەنگە ئابوورییەکان و دابەزینی داهاتی نەوت، حکومەت کار بە سیستمی "یەک لەسەر دوازدە" دەکات بۆ ئەوەی دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان نەکەونە مەترسییەوە.