سوودانی بۆ ماکرۆن: ئەو کەسانە دەستگیرکران کە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی فەرەنسا لە هەولێر

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی و ئیمانوێل ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سوودانی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بە ماکرۆن راگەیاند، کە بەرپرس بوون لە هێرشێکی سەر هێزەکانی فەرەنسا لە هەولێر. 
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێگەیشتووە. لە پەیوەندییەکەدا باس لە هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ و چەسپاندنی ئاگربەست کرا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان.
 
نووسینگەکە دەڵێت، هەردوو سەرۆک بە وردی باسیان لەو هێرشە "بەئازارانە" کرد، کە رۆژی چوارشەممە کرانە سەر وڵاتی لوبنان و کاریگەرییە خراپەکانیان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە. سوودانی و ماکرۆن جەختیان لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و پاراستنی گیانی سڤیلەکان کردەوە.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە پەیوەندییەکەدا، سوودانی سەرۆکی فەرەنسای لە سەرکەوتنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئاگادارکردەوە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە "تێوەگلابوون لە ئاراستەکردنی درۆنێک بۆ سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان لە نزیک هەولێر. کە بەهۆیەوە ئەفسەرێکی فەرەنسی کوژرا."
 
شەوی 12ی ئادار هێرشێک بە درۆن کرایە سەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە سنووری مەلا قەرە، کە راوێژکار و راهێنەری سەربازیی فەرەنسی تێدا نیشتەجێ بوون و بەهۆیەوە حەوتیان بریندار بوون. رۆژێک دواتر ئیمانوێل ماکرۆن گیان لەدەستدانی یەکێک لە بریندارەکانی راگەیاند، کە ناوی ئارنۆ فریان بووە و پلەکەی ئەفسەری باڵا بووە لە فەوجی 7ـی هێزە چیا نشینەکان.
 
سوودانی دووپاتی کردووەتەوە، کە عێراق پابەندە بە سەروەریی یاسا لە هەموو ناوچەکان و پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
 
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی فەرەنسا ستایشی رۆڵی عێراقی کرد لە سەقامگیرکردنی ناوچەکەدا. ماکرۆن پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سوودانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ مۆندیال. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و فەرەنسا لە یەک کۆمەڵەدا بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە