دەروازە سنووریەکانى عێراق: لە مانگێکدا 26 هەوڵى دزەپێکردنى مادەى هۆشبەر پووچەڵ کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە مانگێکدا لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق 26 هەوڵى دزەپێکردنى مادەى هۆشبەر پووچەڵ کراونەتەوە و 131 داواکراو دەستگیرکراون و شکست بە شەش هەوڵى بەقاچاخبردنى دراو هێنراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئایارى 2025، عەلائەدین قەیسى، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە مانگى نیسانى رابردوودا 26 هەوڵى دزەپێکردنى مادەى هۆشبەر لە دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ ناو عێراق شکستیان پێهێنراوە و شەش جاریش رێگریکراوە لە بەقاچاخبردنى پارە.
عەلائەدین قەیسى رایگەیاند، لە مانگی نیساندا 119 سکاڵاى گومرگى لە بارەى سەرپێچى لە گومرگ دراوەتە دەستەکەیان، 131 کەسیش لە دەروازە سنوورییەکان دەستگیرکراون کە داواکراوبوون و فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبووە.
17 دەروازەى سنووریی وشکانى و دەریایی و ئاسمانى لە عێراق هەن کە لە رووى ئەمنییەوە لە ژێر چاودێریى دەستەى دەروازە سنوورییەکانن.
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە لەو مانگەدا 155 کەس دوورخراونەتەوە کە ویستوویانە لە دەروازە سنوورییەکانەوە بچنە عێراق، بەبێ ئەوەى بەڵگەنامەى فەرمییان پێ بووبێت، 13 دۆسیەى تایبەت بە لە ناوبردنى خۆراکى خراپ و گەڕاندنەوەى کاڵای بێ کوالێتی لە دەروازە سنوورییەکان تۆمارکراون.