کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ دواخرا.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند "کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیاربوو کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بکرێت، بۆ کاژێر 08:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دواخرا".
نوێنەرانى پێکھێنەرى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت دوێنێ کۆبوونەوە و بە گوتەى بەرپرسێکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بڕیاریان دا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دەنگ بە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بدرێت.
د. محەممەد حوسەینى، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کۆبوونەوەکە بە بەشداریى نوێنەرى سەرجەم لایەنەکان بوو بۆ تاوتوێکردنى بودجە و ناکۆکییەکان لەسەرى، کە تاوەکو ئێوارە بەردەوام بوو".
هەروەها حەسەن جەنابی، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاردرا 8ـى حوزەیران لە پەرلەمان دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت بەو شێوەیەى کە پەرلەمانتاران پێیان باشە".
د. سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: رێککەوتنی نیمچە کۆتایی لەبارەی ژمارەیەک بڕگەی دیکەی ماددەی 14 لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە و دەستکاریی هەردوو بڕگەی تایبەت بە کۆمپانیای سۆمۆ و هەناردەی نەوت و هەژماری بانکی کراوە.
سەبارەت بە دەستکاریکردنی ئەو مادانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە رەشنووسی بودجەی 2023ـی عێراق، کە مادەکانی 13و 14یە و کێشە لەسەر چەند بڕگەیەکی مادەی 14 ماوە، روونیکردەوە "بەپێی زانیارییەکان لەسەر بەشێکی زۆریان رێککەوتن کراوە، ئەوەی ماوەتەوە چەند بڕگەیەکی کەمە، رەنگە ئەوە بۆ لیژنەی دارایی و دەنگدان بمێنێتەوە".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بودجە دەکات و، دوێنێ (چوارشەممە، 7-6-2023) لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کرد، بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو پرۆژە یاسای بودجەدا بکەن.