رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانى پێکھێنەرى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کۆبوونەوە و بە گوتەى بەرپرسێکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بڕیاردراوە کە پێنجشەممە دەنگ بە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بدرێت.
رۆژی 7ـى حوزەیرانى 2023، لایەنەکانى پێکهێنەرى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق. د. محەممەد حوسەینى، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کۆبوونەوەکە بە بەشداریى نوێنەرى سەرجەم لایەنەکان بوو بۆ تاوتوێکردنى بودجە و ناکۆکییەکان لەسەرى، کە تاوەکو ئێوارەى ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
ناکۆکیى سەرەکى لەسەر پڕۆژەیاساکە، پشکى هەرێمى کوردستان و گواستنەوەى پارەیە لەنێوان سێکتەرەکاندا. ڤیان سەبرى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: گفتوگۆکان بە بەشداریى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و تێیدا گفتوگۆ کراوە لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى و گواستنەوەى پارە لەنێوان کەرتەکانیدا.
کۆبوونەوەکەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بەر لە رۆژێک بوو لەو وادەیەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان دیاریکردبوو بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە.
حەسەن جەنابی، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە 8ـى حوزەیران لە پەرلەمان دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت بەو شێوەیەى کە پەرلەمانتاران پێیان باشە.
کۆبوونەوەکە لە ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح بووە، بڕیارە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە کۆبوونەوەیەکى دیکە لە هەمان شوێن بکەن لەبارەى دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ