وەزارەتی دارایی عێراق: ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاسای بودجەدا دەکرێن پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاسای بودجە دەکرێن پەیوەندییان بە وەزارەتی داراییەوە نییە و  دەشڵێت، هەندێک پەرلەمانتار لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵیاندا هەندێک بابەتی بەرتەسک باس دەکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانی یەکناگرنەوە. 
 
وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی 08-06-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی دووپاتیدەکاتەوە کە سوورە لەسەر بەردەوامیی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەش لە رێگەی دیدار و سەردانەکانی پەرلەمانتاران و گفتوگۆکردن لەبارەی بەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلی عێراق بەبێ جیاکاریی، "بەڵام هەندێک پەرلەمانتار بابەتی بەرتەسک و سنووردار باس دەکەن کە لەگەڵ خواستی راستەقینەی بەرژەوەندیی نیشتمانی یەکناگرنەوە و دوورە لەو بابەتانەی لە دەزگاکانی راگەیاندن باسی دەکەن، ئەمەش بۆ راکێشانی سۆزی جەماوەر و رای گشتییە." 
 
وەزارەتی دارایی لێدوانی هەندێک پەرلەمانتاری "پێ سەیرە" کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، دوای ئەوەی سەردانی وەزارەتی دارایی دەکەن  لێدوان دەدەن، "بانگەشەی ئەوە دەکەن (کۆمەڵێک بابەتی نیشتمانی گرنگیان باسکردووە بەتایبەتی گفتوگۆیان لەسەر بەندەکانی بودجە کردووە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی) ."
 
وەزارەتی دارایی  عێراق  جەخت لەوە دەکاتەوە، "وەزارەتەکەمان بەرپرس نییە لەو زانیاری و لێدوانە نادروستانەی کە لەلایەن هەندێک پەرلەمانتار بڵاودەکرێنەوە، دوای ئەوەی سەردانی وەزارەتی دارایی دەکەن، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاسای بودجە دەکرێت پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، بەوپێیەی پرۆژەکە ئێستا تەنیا و تەنیا لە بەرپرسیارێتی پەرلەمانە".
 
وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات رەچاوی بابەتی و پیشەییانە بکەن لە بەدواداچوونەکانیان و دڵنیابن لە سەرچاوەی فەرمی کە لای هەمووان ناسراوە.