چیرۆكی ئەو چەكدارەی داعش كە لەدایكبووی 2003 بوو

08-08-2017
فەرمان عەبدولڕەحمان
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو- مووسڵ

لەنێو خێوەتەكەیدا كە رەشەبا بە توندی یاری بە چمكەكانی دەكرد، فەتحی و خانەوادەكەی تەماشای ئەو وێنانەیان دەكرد كە لەنێو مۆبایلەكەی فەتحیدا بوون.


 مۆبایلەكە وێنەی كوڕێكی 14 ساڵانی تێدایە كە هێندە منداڵ دەردەكەوت، قەت باوەڕت نەدەكرد هیچ كاتێك بەشداریی شەڕ و توندوتیژیی كردبێ، ئەوە وێنەی كوڕە گەورەی فەتحییە و ناوی عەبدولڕەحمانە. داعش لە سەرەتای پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەیباتە بەرەكانی جەنگ لە شاری مووسڵ و ئیدی هیچ سۆراخێكی نامێنێ‌.

عەبدولڕەحمان لەدایكبووی 2003یە، كاتێ داعش هاتنە نێو مووسڵ، پاش ماوەیەك لە رێگەی مزگەوتی گەڕەكەكەیانەوە تێكەڵ بە بازنە شەرعییەكانی داعش دەبێت، دواتر دەبێتە ئەندامی گرووپێكی سەر بە داعش كە ناوی لێنرابوو بێچووە شێرانی خەلافەت (اشبال الخلافە).

فەتحی باوكی عەبدولڕەحمان كە خۆی بە كەمتەرخەم دەزانێ لە بەرامبەر چارەنووسی كوڕە چواردە ساڵانەكەی، دەڵێ "لە سەرەتاوە ئامۆژگاریی منداڵەكانم دەكرد بەهیچ شێوەیەك گوێ لە داعش نەگرن، بەڵام ئەوان هەموو كارێكیان دەكرد بۆ ئەوەی مێشكی منداڵان بشۆنەوە و بیانخەڵەتێنن". بەهۆی نزیكیی ماڵیان لە یەكێك لەو مزگەوتانەی داعش كردبوویە شوێنی شووشتنەوەی مێشكی منداڵان، عەبدولڕەحمانی كوڕی كەوتە ژێر كاریگەریی پروپاگەندەی داعشەوە. ئەو دەڵێت "لەم دواییانەدا هەستم پێكرد كە بە تەواوی رەفتاری گۆڕاوە و بەشێوەیەك گفتوگۆی لەگەڵ دەكردم هیچ كاتێ بەو شێوەیە نەمبینیبوو".

داعش لە چەندین گرتەی پڕوپاگەندەییدا دیمەنی ئەو هێزەی خۆی نیشاندەدا كە بە بێچووە شێرانی خەلافەت ناسرابوو، تێیدا چەندین منداڵ دەردەكەوتن كە بەشێوەیەكی توندوتیژانە مەشق و راهێنانیان دەكرد. زۆر لەو منداڵانە بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، لە شەڕەكانی داعشدا كوژراون. هەندێكیشیان وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكارهێنراون.

رۆژی 25ی كانونی دووەمی 2017، كوڕە چواردە ساڵانەكەی فەتحی دیار نامێنێ، دوای ئەوەی باوكی سۆراخی دەكات، بۆی دەردەكەوێ كە دوایینجار لەگەڵ ژمارەیەك چەكداری داعشدا بینراوە. فەتحی گوتی: "راستەوخۆ چوومە بارەگای داعش لە مزگەوتەكە، تكام لێیان كرد كە كوڕەكەم بدەنەوە، بەڵام گوتیان كوڕی تۆ لای ئێمە نییە، چەند هاوارم كرد و پاڕامەوە لێیان، هیچ وەڵامێكیان نەدامەوە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دواتر بۆ فەتحی دەركەوتوون، هەر ئەو رۆژە لەگەڵ نزیكەی 10 منداڵی دیكەدا براونەتە بارەگایەكی سەربازیی داعش و رەوانەی بەرەكانی جەنگ كراون لە شاری مووسڵ. فەتحی بە دەم گریانەوە گوتی: "كوڕەكەم زۆر منداڵ بوو، هەرگیز چەكی بەكارنەهێناوە، تەنانەت شەوان كە دەچوو بۆ تەوالێت برا بچووكەكەی لەگەڵ خۆی دەبرد، چونكە لە تاریكی دەترسا، بەڵام داعش بەزۆر لێیان رفاندم و مێشكیان شووشتەوە".

دوای دیارنەمانی كوڕەكەی، فەتحی سێ رۆژ لەسەر یەك دەچێتەوە بارەگای چەكدارانی داعش، بەڵام جگە لە نائومێدی هیچی دیكەی دەستناكەوێ‌. فەتحی هەرلەوێ چەند خێزانێكی دیكە دەناسێ كە ئەوانیش بە هەمانشێوە سۆراخی منداڵەكانیان دەكرد، یەكێك لەو خێزانانە پێشنیازی بۆ دەكات سەردانی كۆمپیوتەری گشتیی داعش بكات كە ناوی چەكدارەكانی ئەو رێكخراوەی تێدا تۆمار دەكرا.

فەتحی دەڵێ "زانیاریمان دەستكەوت ئەو بارەگایەی كە كۆمپیوتەرە گشتییەكەی داعشی لێ بوو لە شەقامی فاروق بوو لە بەری راستی مووسڵ، كاتێك چووینە ئەوێ. داعشەكان لیستێكی ناوی چەكدارەكانیان داینێ بۆ ئەوەی بۆ ناوی منداڵەكانمان بگەڕێین". بە گوتەی فەتحی تەنیا لەو لیستەدا ناوی 73 منداڵ هەبوون كە وەك چەكدار نووسرابوون و سەرجەمیان لەدایكبووی 2001 و 2002 و 2003 بوون. فەتحی گوتی: "كاتێك تەمەنی ئەو منداڵانەم بینی كە لە نێو لیستەكەدا نووسرابوون، لە دڵی خۆمدا گوتم ئایا داعش دەیەوێ بەم منداڵانە بەرگری لە خەلافەتەكەی بكات؟".

فەتحی لە نێو لیستەكەدا ناوی عەبدولڕەحمانی كوڕی دەدۆزێتەوە، كاتێك بە داعشەكان دەڵێ ئەوە ناوی كوڕەكەمە، پێیدەڵێن كوڕەكەت لە بەری چەپی مووسڵ دیار نەماوە. ئەوكات فەتحی بە تەواوی بێ ئومێد دەبێ لە چارەنووسی كوڕەكەی، بەڵام دواتر یەكێكی دیكە لە خێزانەكان ناوی منداڵەكەیان دەدۆزنەوە لەنێو لیستەكەدا، چەكدارەكانی داعش پێیاندەڵێن كە بریندارە و لە نەخۆشخانەیە، فەتحی لەگەڵ ئەو خێزانە سەردانی كوڕە بریندارەكەیان دەكات، لەوێ چارەنووسی عەبدولڕەحمانی كوڕی لە منداڵە بریندارەكە دەپرسێ، ئەویش دەڵێ كە بە چاوی خۆی بینیویەتی كوژراوە، پاش چەند رۆژێكی دیكە ئەو منداڵە بریندارەش دەمرێ.

فەتحی ئێستا لە كەمپی سەلامیە لە نزیك شاری مووسڵ لەژێر خێوەتێكدایە، جگە لە ئازار و ناڕەحەتییەكانی ئاوارەیی، هەست بە ئازارێكی ویژدانیی گەورەش دەكات بەرامبەر چارەنووسی كوڕەكەی چونكە نەیتوانیوە بیپارێزێ. فەتحی گوتی: "هەوڵی زۆرمدا منداڵەكانم بپارێزم، بەڵام دواجار داعشەكان زەفەریان پێبرد و لە خشتەیان برد، ئەوان بەزۆر منداڵەكەمیان رفاند و لێیان زەوتكردم، ئەگەرنا ئەو نەیدەتوانی نە چەك بەكاربهێنێ و نە شەڕیش بكات".

منداڵەكەی فەتحی تەنیا منداڵێك نەبوو لە مووسڵ كە بووە سووتەمەنی ئەو ئاگرەی داعش بە ناوی خەلافەتەوە هەڵیگیرساند، بەڵكو چەندین خێزان و چەندین منداڵی دیكە لە ژێر كاریگەریی ئایدیۆلۆژیا و بیركردنەوەكانی داعشدا بوونە قوربانی. بەرپرسانی كەمپی ئاوارەكانی شاری مووسڵ دەڵێن، ساڵانێكی زۆریان پێویستە تاوەكو ئەو منداڵانەی رزگاریان بووە، لەگەڵ ژیانێكی نۆرماڵ و سروشتی رادەهێنرێنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە