عێراق: سەرکۆنەی لێدوانەکانی نەتەنیاهوو سەبارەت بە دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین لە سعودیە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە تووندی سەرکۆنەی لێدوانەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات، کە داوای کردبوو دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر خاکی سعودیە دابمەزرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 09-02-2025 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لێدوانە دنەدەرەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر خاکی عەرەبستانی سعودیە".
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەو لێدوانانە بەتەواوی رەتدەکەینەوە، کە پێشێلکارییەکی روونی سەروەری عەرەبستانی سعودیە و دەستدرێژییە بۆ سەر مافە رەواکانی گەلی فەلەستین، جگە لەوەی دژی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتیوانی و هاوسۆزی تەواوی عێراق بۆ عەرەبستانی سعودیە دووپاتدەکاتەوە.
هاوکات جەختی کردەوە، هەڵوێستیان نەگۆڕە لە پشتیوانی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری وڵاتان و دەڵێت "دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری نیشتمانی هەر وڵاتێک بە تەواوی رەتکراوەیە".