رووداو ـ بەغدا
وەزارەتى بەرگریى عێراق کوژرانى 89 چەکدارى رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (ناسراو بە داعش) و پووچەڵکردنەوەى 29 خانووى بۆمبڕێژکراوى لە ناوچەى پشتێنەى بەغدا راگەیاند.
وەزارەتى بەرگریى عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: "لە قۆناغى دووەمى هەڵمەتى ئەمنیدا، ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا هەڵمەتێکى گەڕان و پشکنینى لە ناوچەکانى شۆرتان، هۆرەو قەناتیر، ئیبراهیم بن عەلى و زیراعى دیجلەو سەرجەم ناوچەکانى سنوورى چالاکییەکانى خۆى ئەنجامداو لە ئاکامدا 89 چەکدارى داعش کوژران، سەرەڕاى تێکشکاندنى 14 ئۆتۆمبێلى دۆشکەهەڵگرو پوچەڵکردنەوەى 14 بۆمبی چێندراو و 29 خانووى بۆمبڕێژکراو، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنى 11 پارچە چەک و 3 ئۆتۆمبێلى جۆرى هەمەرو لەناوبردنى گروپێکى قەناس بەدەستانى سەربە رێکخراوى داعش".
بە مەبەستى کۆنتڕۆڵکردنى ناوچەکانى پشتێنەى شارى بەغدا، هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى حەشدى شەعبی هەڵمەتێکى ئەمنییان دەستپێکردووەو تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، ئەم هەڵمەتەش هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەوى هێزە ئەمنییەکانى عێراق لە ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ