رووداو- بەغدا
پەیکەری سەدام حوسێن لە 13 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 2003 لە بەغدا هێنرایە خوارەوە، هەموو ساڵێک لە 9-4 ئەو رۆژە دەکرێتە پشوو و بە ساڵیادی رووخانی سەدام ناو دەبرێت.
بەغدا لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە. خەڵکی عێراق پێیانوابوو لەدەست دیکتاتۆرییەت رزگاریان بووە و ئیتر دەتوانن بە ئازادی بژین بەڵام ئێستا باری ئەمنی ژیانی خەڵکی عێراقی تووشی دەردیسەری کردووە و لە هەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بەغدا دەپرسی دەڵێن: "ئێمە هیچ رۆژێک بەتەمای گیانی خۆمان نین".
لەو شوێنەی کە پەیکەرەکەی سەدام هێنرایە خوارەوە وێنەی چەند سەرکردەیەکی عێراقی دانراوە کە رۆژانێک لە عێراق قەدەخە بوون و بەدەستی سەدام یان لەسێدارە دراون یان زیندانی کراون.
حاجی هیلال، یەکێک لەو شایەتحاڵانەی کە ئەو رۆژە لەو مەیدانە بووە و بەچاوی خۆی هێنانە خوارەوەی پەیکەرەکەی سەدامی بینیوە بە رووداوی راگەیاند: "من رۆژی رووخانی سەدام لێرە بووم ، جەماوەری خەڵکی بەغدا و دەورووبەری بەغدا هەموو لەو مەیدانە کۆبووبوونەوە، تانکێکی ئەمریکی پەیکەرەکەی هێنایە خوارەوە و لەکاتی کەوتنە خوارەوەی پەیکەرەکەی سەدام خەڵک بە پێڵاو لێیان دا و هەندێک لەخۆشیدا دەگریان".
لە هەموو شەقامە سەرەکییەکانی بەغدا بازگە دانراوە، هێزی ئەمنی لە هەموو شوێنێک هەیە، کە دێیتە بەغدا هەست بە بارودۆخێکی سەربازی دەکەیت، حکومەتی عێراق توانیویەتی ئەو تەقینەوە زۆر و زەوەندەی کە لەدوای ساڵانی دوای رووخانی سەدام لە بەغدا روویان دەدا کەمێک کەمبکاتەوە بەڵام زۆریی بازگەکان زەحمەتییەکی زۆری بۆ دانیشتووانی بەغدا دروستکردووە.
هێزە ئەمنییەکانیش جیاوازن، سوپا بە جیا بازگەی داناوە، حەشدی شەعبی بەجیا بۆ خۆی بازگەی داناوە، سوننەکان ناوچەکانی خۆیان دەپارێزن، بۆ هەر گەڕەکێک کە دەتەوێ بڕۆی دەبێت پشتگیری نیشتەجێبوونت هەبێت. گەڕەکە سوننەکان هێزێکی سوننەی سوپای عێراق دەیپارێزێت و گەڕەکە شیعەکانیش لەلایەن شیعەکانەوە دەپارێزرێن.
هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە 20-3-2003 هێرشیانکردە سەر عێراق و لەدوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە و لە 9-4-2003 و بە گرتنی بەغدا کۆتایی بە رژێمی بەعس هێنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ