وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: لەدوای ئاگربەست، هیچ کەشتییەکی نەوتی عێراق بە تەنگەی هورمزدا تێنەپەڕیوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهان دەکرێت و هەناردەکردنەکەش نەوتی کەرکووک و بەسرە دەگرێتەوە. دەشڵێت: "لەدوای ئاگربەستەکەوە، هیچ کەشتییەکی نەوتی عێراق بە تەنگەی هورمزدا تێنەپەڕیوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، ساحب بەزوون، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، هەمووی نەوتی کەرکووک نییە، بەڵکو بەشێکی نەوتی بەسرەیە کە بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ کەرکووک و لەوێوە هەناردە دەکرێت."
 
سەبارەت بە ئاستی هەناردەکردنەکە، پێشتر عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی رایگەیاندبوو، هەناردەی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە گەیشتووەتە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل و چاوەڕوان دەکرێت بڕەکە بۆ 300 هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە.
 
لەبارەی هەناردەکردن لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، ساحب بەزوون گوتی: "لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست [نێوان ئەمریکا و ئێران]، تاوەکو ئێستا هیچ کەشتییەکی نەوتی عێراق بە تەنگەی هورمزدا تێنەپەڕیوە؛ ئێمە چاوەڕێی روونبوونەوەی زیاتری دۆخەکە دەکەین، چونکە پرسی سەلامەتی و گەرەنتییەکان تەنیا پەیوەست نییە بە عێراقەوە."
 
وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوەش دەکات کە پلانی جێگرەوەیان هەیە و لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی نەوتی خاو بە تانکەر لە رێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردە بکەن، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بەڕووی هەناردەکردندا کراوە بێت.
 
سەبارەت بە "هێڵی بۆریی نیشتمانیی عێراق بۆ جەیهان"، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت گوتی: "بۆرییەکە تەنیا تێستی (Hydrostatic) ماوە و بڕیارە لە سەرەتای کارکردنیدا رۆژانە بە هەناردەکردنی 100 هەزار بەرمیل دەستپێبکات."
 
ساحب بەزوون رەتیکردەوە نەوتی خاو لە رێگەی سووریاوە هەناردە کرابێت و گوتی: "ئەوەی هەبووە تەنیا هەناردەکردنی نەوتی رەش بووە نەک نەوتی خاو، بەڵام پرسی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی سووریاوە ئێستا لە قۆناخی تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوەدایە."
 
لە 18ی ئاداری 2026، دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە