لە ئەنبار هێڵی شەمەندەفەر و بۆڕی پڕۆژەی ئاو دەدزرێن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار، گرووپێکی چەکدار هێڵی شەمەندەفەری قایم و بۆڕییەکانی پڕۆژەی ئاوی ناوچەکەیان دزیوە؛ سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت: "تەنیا کۆنکرێتی سەر زەوییەکە ماوەتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار بە رووداوی راگەیاند: "گرووپێکی چەکداری نەناسراو ئاسنی هێڵی شەمەندەفەری قایم و تەواوی ئاسنە کۆنەکانی شەمەندەفەرەکەیان دزیوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێڵە ئاسنینەکە دەکەوێتە ناوچەی عەکاشات لە سنووری قەزای روتبە، کە ناوچەیەکە بەهۆی "بۆشایی ئەمنی"یەوە هیچ پارێزراو نییە .
 
دزییەکە تەنیا سکەی شەمەندەفەری نەگرتووەتەوە، بەڵکو وەک سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ دەکات، بۆڕییەکانی پڕۆژەی ئاوی قەزاکەشیان دزیوە. ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە پڕۆژەی ئاو سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
سەرچاوە ئەمنییەکە بارودۆخی هێڵەکەی دوای دزییەکە وەسف کرد و گوتی: "ئێستا تەنیا کۆنکرێتی زەوییەکە ماوەتەوە و ئاسنەکە هەمووی دزراوە."
 
درێژیی هێڵی شەمەندەفەری نێوان قایم و عەکاشات 178 کیلۆمەترە، لە ناوچەی پیشەسازیی "عەکاشات" ە.
 
وێستگەکە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو کرایەوە، بەڵام لە ساڵی 2003 کارەکانی وەستان وێران بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە