لەسەر دزینی پارەی سندووقی خانەنشینیی پارێزەران؛ سزای 60 ساڵ زیندانی بۆ دوو تۆمەتبار دەرچوو


رووداو دیجیتاڵ

دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، سزای 60 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دوو کەسی هەڵاتوودا سەپاند؛ ئەوەش دوای تێوەگلانیان لە دۆسیەی دزینی پارەی سندووقی خانەنشینیی پارێزەران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڵاوکراوەتەوە، دادگاکە دوای سەلماندنی تاوانەکەیان، سزای 60 ساڵ زیندانیی بۆ دوو تۆمەتباری هەڵاتوو بە ناوەکانی (زەید محێ و یاسر مەحموود) بڕیوەتەوە، کە دەستیان لە دزینی پارەی دەستەی سندووقی خانەنشینیی پارێزەراندا هەبووە.
 
دادگاکە جگە لە سزای زیندانیکردن، چەند بڕیارێکی دیکەشی دژی ئەو دوو تۆمەتبارە دەرکردووە، لەوانە: دەرکردنی فەرمانی گرتن، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانیان، هەروەها پابەندکردنیان بە گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو بڕە پارەیەی کە دزیویانە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی 31-3-2026، راپۆرتی ساڵانەی چالاکییەکانی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ساڵی رابردوو لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی فەرمانی بانگهێشتکردن بۆ 14 هەزار و 645 کەس دەرچووە، کە 18ـیان وەزیر و 276ـیان پلەی تایبەت (بەڕێوەبەری گشتی و هاوپلەکانیان) بوون.
 
بەپێی ئامارەکانی دەستەکە، لە ساڵی رابردوودا لێکۆڵینەوە لە 31 هەزار و 355 دۆسیەی گەندەڵی کراوە و 3,461 فەرمانی دەستگیرکردن دەرکراون کە 21یان لە پلەی وەزیردابوون.
 
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رێگەی ئەو لێکۆڵینەوانەوە توانیویانە رێگری لە بردنی زیاتر لە 837 ملیار دینار و 550 هەزار دۆلار بگرن، هەروەها لێکۆڵینەوەیان لە 116 پڕۆژەی پەککەوتوو لە 10 پارێزگای جیاوازی عێراق کردووە کە بەهای پڕۆژەکان بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.