ئەمریکا 3 ملیۆن دۆلار پاداشت بۆ زانیاری لەسەر هێرشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق رادەگەیێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاداشتێکی دارایی بە بڕی 3 ملیۆن دۆلار رادەگەیێنێت، بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری" (Rewards for Justice) سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، لە رێگەی پۆستێکی نوێوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاربن لە رێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر و بنکەی پشتگیریی دیپلۆماسی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، کە چەندین جار رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
 
لە پەیامێکیدا کە ئاراستەی خەڵک کراوە، هاتووە: "هاوکارمان بن لە راگرتنی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، یان هەر شوێنێکی دیکە. ئەگەر هەر زانیارییەکتان لەسەر ئەو میلیشیا تیرۆریستییانەی هاوپەیمانی ئێران، یان ئەو کەسانەی بەرپرسن لەم هێرشانە هەیە، ئەمڕۆ بۆمان بنێرن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو زانیارییانەی دەبنە هۆی دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکە بڕی 3 ملیۆن دۆلار پاداشت وەربگرێت، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە زانیارییەکان رەنگە رێگە خۆشکەر بن بۆ گواستنەوەی سەرچاوەی زانیارییەکە بۆ شوێنێکی پارێزراو.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند رێگەیەکی بۆ پەیوەندیکردن دیاری کردووە، جگە لە لینکێکی تایبەت لەسەر تۆڕی "تۆر" بۆ پاراستنی نهێنیی نێردەرەکە.
 
ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بنکە و بارەگا دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کراونەتە ئامانج.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە